24 کوردستان

مانگی سووری کوردی: لە کۆبانێ دەرمان و شیری منداڵ نەماوە،.. کارەسات ڕوو دەدات

02:48 - 17/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 بەرپرسی تیمە گەڕۆکەکانی مانگی سووری کوردی لە کۆبانی، هۆشدارییەکی تووند دەدات و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێک نەگەیشتووەتە نێو شارەکە و کۆگاکانیان بەرەو خاڵیبوون دەچن.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی شوباتی ٢٠٢٦، شادیە ئەحمەد، بەرپرسی تیمە گەڕۆکەکانی مانگی سووری کوردی لە کۆبانێ، ئاشکرایکرد، "تەنیا سێ رۆژی دیکە دەرمان لە کۆگاکانماندا دەمێنێت، ئەگەر دەرمان نەگات، تەنانەت ئەمبوڵانسەکانیشمان لە کار دەکەون" هەروەها ئاشکرای کرد، ئێستا لە دەرمانخانەکانی شارەکەدا شیری منداڵان بەتەواوی نەماوە و قەیرانێکی گەورە دروست بووە.

وتیشی: کە تیمە گەڕۆکەکانیان سێ رۆژە دەستیان بە کارەکانیان کردووە و رۆژانە سەردانی ئەو قوتابخانانە دەکەن، کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێکراون و ئاوارەکانی کۆبانی بەسەر 25 قوتابخانە و 7 مزگەوتدا دابەشکراون، لە نێو سەنتەری شاری کۆبانیش 8 قوتابخانە بۆ ئاوارەکان تەرخانکراون؛ لە هەر قوتابخانەیەکدا نزیکەی ٥٠ خێزان (کە دەگاتە نزیکەی 180کەس) دەژین.

ئاماژەشی بە ڕەوشی ئاوارەکاندا  و وتی:  "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان سۆپایان دانەناوە و لە نێو سەرمایەکی سەختدا دەژین و بەهۆی خراپیی بارودۆخی ژیان، نەخۆشی لەنێو ئاوارەکاندا بڵاوبووەتەو و تەنیا لە یەک قوتابخانەدا 42 منداڵیان چارەسەر کردووە، کە 30 یان تووشی سکچوون بوون، ئەوەش بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس. هەروەها جەختی کردەوە، ژمارەی نەخۆشەکان لەنێو قوتابخانەکاندا زۆر زیادی کردووە.

مانگی سووریی کوردی بانگەوازێکی بەپەلەی کرد، هەموو جۆرە دەرمانێک بۆ شارەکە پێویستە، بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک: شەکرە، تالاسیمیا و شێرپەنجە.

تاوەکو ئێستا هیچ رێڕۆیێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی دەرمان و هاوکارییە پزیشکییەکان بۆ نێو کۆبانێ نەکراوەتەوە، ئەمەش ژیانی هەزاران ئاوارە و نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن