40 کوردستان

بەپەلە.. تاڵەبانی و بارزانی دەچنە بەغدا

01:49 - 08/02/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، یەکلاکردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراقە.

 عەباس مووسەوی، راوێژکاری میدیایی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، “بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆببێتەوە”.

بە وتەی مووسەوی، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران دەکرێت، هاوکات دۆخی ناوخۆی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکەش دەخرێنە بەر باس.

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتیشە، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.

لای خۆشیەوە، میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردۆتەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی دەچێتە بەغدا و بەشداری لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەكات.

کاندیدی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران (نوری مالکی)یە، بەڵام ئەم کاندیدکردنە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

سەبارەت بەم پرسە، مووسەوی جەختی کردەوە: “نوری مالیکی نیازی کشانەوەی نییە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێکی روونی هەیە و پێداگرە لەسەر کاندیدەکەی، هەموو ئەو زانیاری و سیناریۆیانەی باس دەکرێن دوورن لە واقیعەوە”.

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 و پاش کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان پێکهێنرا. ئەم هاوپەیمانییە لە لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەکان)، هاوپەیمانیی سەروەری (سوننەکان) و هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، (پارتی و یەکێتیی ) پێک دێت. ئامانجی سەرەکیی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە، کۆتاییهێنان بوو بەو چەقبەستووییە سیاسییەی دوای هەڵبژاردنەکان هاتە ئاراوە و هەروەها پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بوو لە عێراق.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن