11 کوردستان

حەمەی حەمەسەعید: یەکدەنگی نیشتمانی بووە گەورەترین بەربەستی بەردەم میدیای شۆڤێنی

05:04 - 25/01/2026

زەمەن - هەواڵ

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم، پەیامێک ئاڕاستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات، دەشڵێت، ‘ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی و پشتیوانانی تیرۆر”.

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: بە ناوی خۆمان و وەزارەتەکەیانەوە، سوپاس و پێزانین بۆ کۆدەنگی و هەماهەنگی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن (نووسراو، بینراو، بیستراو، ئەلیکترۆنی)، نووسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، وەرزشوانان، لاوان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەبڕین لە پای بەتەنگەوە بوونی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان و ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد.

دەشڵێت: یەکدەنگی و بەتەنگەوەبوونی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستانی و وەستانیان شانبەشانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان، نیشانەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێی گیانی کوردایەتی و خەمڵینی خەباتی نەتەوایەتییە لە پێناو ڕزگاری نیشتمانیدا.

باسی لەوەشکردووە: ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی و پشتیوانانی تیرۆر و ڕێگر بوو لەبەردەم ئەو ماکینانەی پڕوپاگەندە، کە دژی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییەکەی خرابوونەکار و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی زەمینەی جینۆسایدێکی دیکەیان دەدا.

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاندووە، وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ شەونخوونی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و هەموو ئەو چالاکانەی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووحیەتی کوردبوون و دەنگی کوردستانیانیان بە جیهان گەیاند، داواکارم لە هەموو لایەک بەو گیانە نیشتمانی و نەتەوەییە و لە چوارچێوەی پاراستنی کولتووری ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوام بن لە گەیاندنی ڕاستییەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن