10وتار

ئازاری لەدایکبوون

1/24/2026 10:25:00 AM
ئاراس وەلی

روداوە خەمهەژێنەکانی ئەم ڕۆژانەی خزمانی ڕۆژئاوا، هەمووانی لە ناخەوە بریندار کرد. ڕەفتارە نائینسانی و داعشیەکانی چەکدارەکانی  تینوو بە خوێنی ئەحمەد جۆلانی کار و کردەوە گەلێکیان ئەنجام دا، کە ڕووی بەعسیە ڕەفتار فاشیستەکانی عێراق و، داعشە تیرۆریستە هاوڕێکانیان سپی کردەوە..!

ئەم مێشک ژەنگاویانە بە هەر ناوێکەوە و ، لە ژێر هەر ئایدیا و مەبەست و ، هەر پاساوێک دا شەرمان بکەن، کوشتاری خەڵکی سڤیلمان بکەن، تاڵانمان بکەن، مناڵ و مێردمنداڵمان سەرببڕن، کچە شەڕڤانمان بە دیل بگرن، سوکایەتی بە لاشەکانیان بکەن، شکۆی میللی و ئاڵاو ئاخ و زێدمان بریندار بکەن....هەرچی لە سنوری دڕندایەتی مێژوی مرۆڤایەتی دیار و نادیار تێپەڕ دەبێت ،لەم ڕۆژانەی ڕابوردودا خەڵکی ستەمدیدەی کورد و تەواوی جیهانی دەرەوەی کوردستان شاهیدی بینینی ناشرینترین  مەشهەدی کوشتن و بەربەریەتی ئەم تاقمە تینو بە خوێنەی حاکمە نوێکەی شام و ئەحمەد جۆلانی بوون..!

چی دەگوزەرێ؟ کورد لە کوێی سیناریۆ و  ڕوداوە هەنوکەیەکاندایە؟
چی باشە بیکەین و چی خراپە نەیکەین؟
گوتاری عەقڵانی چییە؟ چۆن لە غەوغای ( هونەری هیچ نەکردن) خۆمان ڕزگار بکەین.!؟
دوژمنی سەرەکی ئێمە ئەحمەد شەرعەکان و سەدام حوسێنەکان و ئەوانی ترن، یان نەزانینی قوڵی ئێمەیە دەرهەق بە مێژوی نووسراومان. بە مانایەکی تر ، عەشقی دەستە جەمعی ئێمەیە بۆ جەهل و خۆنەناسین..!یان چی..؟

 
وەڵامدانەوەی ئەو پرسانە، ئاسان نییە و. جێگای ئەم وتارەش نییە. وەلێ ؛ گرنگە بۆ ئەم هەلو مەرجەی ئێستا و ، بۆ پێشبینی چاوەڕوانکراوی ڕوداوگەلی دیکەی خراپتر یان کەمتر خراپ....گرنگە کۆمەڵگای ئێمە، بە تەواوی هێز و پێکهاتەکانیەوە ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی داعشەکان، بە مانایەکی تر لۆبی کوردی لە تەواوی جیهان هاوتەریب بە حەماسیەتی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی چالاک بکرێ، جۆشوخرۆشی ئەو دوو سەنگەرەش تێکەڵ بە هەست و هاوسۆزی(کۆمەک و پشتیوانی مادی و مەعنەوی)  تەواوی خەڵکی کوردستان بکرێت.
کوردانی ڕۆژئاوا نابێ بە تەنها جێبهڵڕێ، دەبێت کارێک بکەین هەموو کوردێک ،هەموو ئینسانێکی بە ویژدان لە سەنگەری جیاوازەوە هاوڕێ و هاوخەبات و هاوسۆزی پرسی کورد بێت. چ لە کۆبانی یانژی لە سلێمانی و سابڵاخ  سنە و ئامەد.

ئیمڕۆ سەرەتای قۆناغێکی ترە لە مێژوی خەباتی ئێمە بۆ شائامانجی ئازادی و سەرخۆبوون...
ئیمڕۆ ئێمە نمونەیەکی زێدە جوان  نیسبەت بە دەوروبەریان ،لە دیسکۆرسی ژیاندۆستی و پێکەوەژیان، یەکتر قەبوڵکردن،ئازادی  ژن و ئازادی وشە نوێنەرایەتی دەکەین، دۆستی زۆرمان لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ دروست بووە. هەرچەندە تا ئێستا نەمانتوانیوە سەرمایە گوزاری بەو  هێزە مرۆییە جیهانییە بکەین بۆ ڕاستکردنەوەی  هاوکێشەی هێز و شەڕی چارەنوس...!
گرنگە تا ملکەچی یەکی نەخستوین، بۆ ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە یەک بگرین، یەک گوتار، یەک ئامانج،ڕوو لە پرشنگی خۆری ئازادبوون هەموومان پێکەوە بڕیاری کۆتایی هێنان بە مێژویی کۆیلایەتیمان بدەین.
ئەم ڕووداوانە سەرەتای لەدایکبونێکی بە ئازاری دیکەیە، درەنگ یا زوو ئێمە دەخاتە سەر ڕاستەڕێی ئازادی و سەربەخۆیی .گرنگتر  لە هەموو ئەم  وتار و چالاکی و کۆمەک کۆکردنەوە و هونەری لاواندنەوەی درامایی و فەرهەنگی کڕوزانەوە. بریتی بێت لە دروستکردنی ئەتمۆسفارێکی جددی دیالۆگی  عەقڵانی.
ئیتر کاتی ئەوەیە قسە لەگەڵ یەکدا بکەین، نەک لە میدیاکانەوە قسە لەسەر یەک بکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن