سوپای داگیرکەری سوریا جەنگی دەرونی دژ بە شەرڤان ئەنجام دەدات
12:48 - 10/01/2026
زەمەن_هەواڵ
سوپای سووریا ڕایگەیاند: گەڕەکی شێخ مەقسوودی لە شاری حەلەب بەتەواوی کۆنتڕۆڵکردوە، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە توانیویانە بەتەواوی ئە گەڕەکە کوردییە داگیربکەن.
ئەمڕۆ شەممە، ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سوپای عەرەبی سووریا لە ڕاگەیێنراوێکدا: داوای لە دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، چونکە هەندێک لە ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەناو هەندێک ناوچەی ئەو گەڕەکەدا خۆیان شاردووەتەوە.
هاوکات، لەبەرامبەردا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەو دوو گەڕەکە، ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە کە باس لە ڕادەستکردنی گەڕەکەکە بە سوپا دەکەن، ئاماژەیان بەوە کرد کە سەرەڕای هەبوونی لێکتێگەیشتنی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بەو گرژییانە لەپێناو پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، بەڵام هێشتا دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە گرووپە چەکدارەکانی دیمەشق باسی لێوەدەکەن.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تائێستا زیاتر لە ٢٥ هاووڵاتی سڤیل شەهیدبوون و زیاتر لە ١٣٠ کەسی دیکە برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون و ژمارەی ئاوارەکانی ئەو دوو گەڕەکەش هێشتا سەرژمێر نەکراون.