ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت تاکو ئێستا 51 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا کوژراون
12:20 - 10/01/2026
زەمەن_هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایدەگەیەنێت لە ماوەی 13 ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی دژ بە حکومەت لە ئێران لانیکەم 51 خۆپیشاندەر کە 9 کەسیان منداڵە، کوژراون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕێکخراوەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار کەس.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەن کە دەیان خۆپیشاندەر لە شارەکانی وەک تاران، مەشهەد و هەمەدان کوژراون کە تا ئێستا نەخراونەتە ناو ئامارەکانی ئێستاوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، خولی نوێی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە لە 28ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە لە بازاڕی تاران لە کاردانەوە بە بارودۆخی نالەباری ئابووری دەستی پێکرد، هەر زوو تۆنێکی سیاسی وەرگرت و بە دروشمی دژە حکومەت لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا بڵاوبووەوە.
مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە هۆشداریداوە "مەترسی پەرەسەندنی توندوتیژی و کوشتنی بەرفراوانی خۆپیشاندەران دوای داخستنی ئینتەرنێت زۆر جدییە."
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 8ی مانگی یەک، ئێران گەورەترین گردبوونەوەی لەوەتای دەستپێکردنی ئەم شەپولی نوێیە لە شارە جۆربەجۆرەکاندا بەخۆیەوە بینی.
لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتییەکانی شەوی پێنجشەممە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی ئینتەرنێتیان داخستووە. بەپێی ئامارەکانی گرووپی جیهانی چاودێری ئینتەرنێتی نێتبلۆکس (Netblocks) کە بنکەکەی لە لەندەنە، ڕایگەیاند "ئێران ئێستا ماوەی 12 کاتژمێرە لە سەرهێڵ نییە و پەیوەندییە نیشتمانییەکان لە سەدا 1ی ئاستی ئاساییدایە پاش ئەوەی دەسەڵاتداران لە هەوڵێکدا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان لە هەمان کاتدا پەردەپۆشکردنی دڕندەیی ڕژێم، بلۆککردنی ئینتەرنێتی نیشتمانییان سەپاند."