ئەم هەواڵە دڵخۆشکەرە بۆ نەتەوەی کورد
04:19 - 22/12/2025
زەمەن_هەواڵ
فەرماندەیەکی یەپەژە دەڵێت: هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دانوستانەکانی کورد و دیمەشقدا نییە ئەوان توانەوەی هەسەدەیان دەوێت و ئێمەش ئاوا ڕێککەوتن ناکەین.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سۆزدار حاجی ئەندامی فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژیان-یەپەژە ڕایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان کورد و دیمەشق هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیووە و تا ئێستا پەیوەندییەکان قۆناغی گفتوگۆیان تێنەپەڕاندوە لە کاتێکدا وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لەکۆتایی نزیکدەبێتەوە.
دەشڵێت: ئەوەی لە زەویینەی ڕاستیدا دەبینرێت ئەو ڕاگرتنی شەڕە نییە کە باس دەکرێت، چونکە پێکدادانە سەربازییەکان بە درێژایی ڕووباری فوڕات بەردەوامییان هەیە، ئەوەش واتای ئەوەیە کە دانوستانەکان ڕاستیینە نین.
سوزدار حاجی لەبارەی هۆکاری پێشنەکەوتنی دانوستانەکان ئاماژەی بەوەدا، هۆکاری سەرەکیی حکومەتی سوریایە کە دەیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە و شەڕڤانان وەک تاک بچنە ناو سوپا و لەناو سوپادا بتوێتەوە نەک سەربەخۆ و خاوەن بەڕێوەبەریی خۆی بێت و پێکهاتە و ڕێکخستنی ئێستای بپارێزێت، کوردیش بەهیچ شێوەیەک ئەوە ناکات و ناچێتە ژێرباری هیچ ڕێککەوتنێک کە زیانی لێبدات چونکە کورد و هەسەدە بەدوای شەڕەوە نین و بەرگریی لە خاک و خەڵکی ناوچەکە دەکەن.
لەبارەی یەپەژەشەوە باسی لەوەکرد، مەرجە هێزی ژنانی شەڕڤان بمێنێت و بە هیچ شێوەیەکیش نابنە بەشێک لە هیچ پێکهاتەیەکی سەربازیی بنەماکەی دیموکراسییەت و نوێنەرایەتی ڕاستیی پێکهاتەکان نەبێت.
فەرماندە ژنەکەی کورد وتی، سوپای ئێستا سوریا تێکەڵەیەکە لە دەستەی تەحریرشام و گروپەچەکدارە توندڕەوەکان، کە ئێمە و هەمووان بە باشیی دەیانناسین و بەبێ گۆڕانکاریی ڕیشەی هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدی نایەت...