16 کوردستان

پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

04:45 - 15/12/2025

زەمەن:-

 

 سبەی سێشەممە هەردوو شاندنی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، میدیای پارتی بڵاویکردەوە، سبەی سێشەممە، ١٦ی١٢، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، و پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا باسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەنگی کورد لە بەغدا و بەرکەوتەکانی دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی 'زەمەن' شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

 'زەمەن' ئەوەشی زانیوە شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییە.

 هاوکات، پێشتریش سەعدی پیرە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دانوستاندنی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت، رایگەیاند، ''ئەوەی کە من لە هەردوولا دەیبینم، جۆرێک لە گەشبینی هەیە.''
 ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێ، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوەیان دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن