15 کوردستان

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق: خۆزگە زمانی کوردیم دەزانی

03:52 - 13/12/2025

زەمەن - هەواڵ

 

 محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ڕایگەیاند، کۆتایهاتنی ئەرکی یونامی لە 31ـی کانوونی یەکەمدا، نیشانەی ئەوەیە عێراق ئامادەیە بچێتە قۆناغێکی نوێوە و دوورکەوتووەتەوە لەو دۆخەی ساڵی 2003 تێیدابوو.

 دوای تەوابوونی ئەرکەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، محەمەد حەسان لە لێدوانێکی فەرمیدا کە سایتی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردوەتەوە، رایگەیاند: ئێزیدییەکان گەورەترین قوربانیین لە عێراق. کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی ئاوارە لە کامپەکان بگەڕێنەوە، بەتایبەتی منداڵانی ئێزیدی کە لەو ناوچە و کەمپانەدان کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکەیان نییە. کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەتایبەت لە شەنگال. من تەنها باسی ئێزیدیەکان ناکەم، بەڵکو باسی هەموو عێراقییەکانی دیکە دەکەم، بەبێ گوێدانە پێشینەیان

حەسان گوتی: "بە قوربانیدانی عێراقییەکان، وڵات ئامادەیە بۆ قۆناغێکی دیکەی پتەوکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی."

سەرەڕای پێشکەوتنەکان، حەسان ئاماژەی بە برینە ساڕێژنەبووەکانی شەڕی داعش کرد:

نزیکەی یەک ملیۆن عێراقی هێشتا ئاوارەن.

 زیاتر لە 100 هەزار ئێزیدی دوای ئازارێکی زۆر هێشتا لە کەمپەکاندان.
ناوبراو جەختی کردەوە کە "کاتی ئەوە هاتووە پاڵپشتی بکرێن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد حەسان هۆشداریدا لەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە عێراق زیادیکردووە.
لە کاتێکدا عێراق خۆی بۆ وەرگرتنی کورسییەک لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ ئامادە دەکات، بەرپرسەکەی UN داوای کرد: "دەبێت عێراق لەڕێگەی یاساوە داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکات."
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان عێراقی بە "وڵاتێکی ناوازە و چیرۆکێکی سەرکەوتوو" ناوبرد و ڕایگەیاند، بەهۆی یەدەگی زۆری نەوتەوە، عێراق پێویستی بە هاوکاریی خێرخوازی نییە، بەڵکو پێویستی بە هاوبەشی و دۆستایەتییە.

هەروەها ڕوونیکردەوە کە ڕۆیشتنی یونامی مانای پچڕانی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو ئاژانسەکانی وەک (UNDP, WHO) و بانکی نێودەوڵەتی لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.
ووتیشی: "من یەکێکم لەوانەی کە بە عەرەبی وتم خۆزگەم دەخواست بە کوردی قسە بکەم تا خەڵکی عێراق و بە تایبەت ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن گوێم لێ بگرن. بەڕاستی ناوچەیەکی جوانە، ئامۆژگاری هەموو لایەک دەکەم سەردانی عێراق بکەن بە کوردستانیشەوە. ژنان لە کوردستان بەهێزن.

بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە، دوای 20 ساڵ کارکردنیان لە عێراق، ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق کۆتایی پێبێت، بەوتەی محەمەد حەسان نێردەکە لەسەر داواکاریی عێراقییەکان چووەتە ئەو وڵاتە و لەسەر داواکاریی ئەوانیش کۆتایی بە ئەرکەکان دەهێنن. نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام رێزی خواستی وڵاتان دەگرێت کە میوانداریی ئەو نێردانە دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن