6 کوردستان

ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەر هێرشەکەی کۆرمۆر بڵاوکرایەوە

12:06 - 04/12/2025

زەمەن - هەواڵ

 

 سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی ‌هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: هێرشەکە لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کراوە، دوو درۆنەکە لە ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی خورماتوو ئاراستە کراون، تاوەکوو ئێستا 11 جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکە دا هاتووە،

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی پەسەند کردا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 یەکەم:

 1- هێرشە ترسنۆکانەکە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە و دانەیەکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە، ئەوی دیکەش لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و پاشماوەی هەردوو فڕۆکەکە لەلایەن بەڵگەی تاوانەوە کۆکرایەوە بۆ شیکردنەوەی ئامێری میمۆری.

2- ئەو دوو فڕۆکەیەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە لە دیوی باشووری کێڵگەکە بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی خورماتووەوە هەڵدراون.

3-ئەمە 11مین هێرشە ئەنجام بدرێت بۆ سەر ئەو کێڵگەیەی کە ئاماژەمان پێدا.

4- ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستنیشانکراون، ئەوان کەسانی لە یاسا دەرچوون و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.

5-دوای ناسینەوەی ناسنامەی تاوانباران، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بەمەبەستی ڕادەست کردنی تاوانباران بە دادگا.

دووەم:

 لیژنەکە چەند ڕێکارێکی بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێشنیار کرد، بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:

1- بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی و پاراستنی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و یەکەکان و دەستەبەرکردنی فەرماندەیی یەکگرتوو.
2. ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و هێزەکانی حەشدی شەعبی، بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندی لێهاتوو.
3. پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی هەواڵگری لە نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
4- وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی دەستەبەر بکات.
5. سەپاندنی ڕێکاری توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و تەنیا بە ڕەزامەندی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت.
6- ئاگەدارکردنەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە.

هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، کارەکانی ئەم لیژنەیە بەردەوامە تاوەکوو دەستنیشان کردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم ڕووداوەدا هەبووە، کە سەروەری عێراق و سەرچاوە ئابوورییەکانی دەکاتە ئامانج، ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسناکە و ئامانج لێی دروستکردنی بەربەست و دواخستنی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و ئابوورییە و ئەم کردەوە تیرۆریستییە بێ سزادانی بکەرانی تێپەڕنابێت و ڕێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوەی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بۆردومان کرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن