19 کوردستان

هۆشیار زێباری جۆری ئەو چەکەی ئاشکراکرد کە پەلاماری کۆرمۆر درا

07:44 - 27/11/2025

زەمەن – هەواڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتى ئاشکرای دەکات، هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن گر:ووپە میلیشیاکانەوە بە مووشەکی جۆری (گراد) و لە بەرەی خورماتووەوە ئەنجام دراوە، دەشڵێت ئامانجی سەرەکیی ئەو هێرشانە لێدان و تێکدانی ژێرخان و ئابووریی هەرێمی کوردستانە.
لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، هۆشیار زێباری تیشکی خستووەتە سەر وردەکاریی هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئاماژەی بەوە داوە، هێرشەکە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە بە مووشەکی جۆری (گراد) و لە بەرەی خورماتووەوە ئەنجام دراوە، بە بڕوای ناوبراو، ئامانجی سەرەکیی ئەو هێرشانە لێدان و تێکدانی ژێرخان و ئابووریی هەرێمی کوردستانە.
زێباری لە خوێندنەوەکەیدا بۆ دۆخەکە، جەختی لەوە کردووەتەوە، دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە، حکوومەتی عێراق کۆنترۆڵی بەسەر ئەو گرووپانەدا نییە.
سەرباری ئەمەش، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە پێی وایە، ئەم ئاڵنگارییە ئەمنییە دەکرێت ببێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەو پێیەی ئێستا دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حکوومەتەکەی بسەپێنێت و سزای ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بدات، هەنگاوێک کە ئەگەر بە بوێرییەوە بینێت، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی متمانە بەدەست بهێنێتەوە بۆ ویلایەتی دووەمی حوکمڕانییەکەی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن