بەپەلە.. سەبارەت بەمووچەی مانگی (٩) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕیار دەدات
12:29 - 04/11/2025
زەمەن - هەواڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، دوایین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی پێش هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدات. بەگوێرەی زانیارییەکان، پرسی مووچەی مانگی ئەیلولی هەرێم لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا نییە. بەڵام هیواکان بەستراونەتەوە بەو دانیشتنەی کە بڕیارە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا لەنێوان وەزیرە کوردەکان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، ئەنجام بدرێت. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەش، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەوڵدەدات پرسەکە بخاتە بەر باس بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردن پارەکە بگاتە دەستی مووچەخۆران.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە. وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی ئەیلولی ڕادەستی بەغداد کردووە و چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنە. ئەگەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی مووچە بدات، هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغداد دەکات.
ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچەوە نەدرێت، ئەوا پرسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی 11ـی ئەم مانگە دوادەکەوێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مووچەخۆرانی هەرێم دوو مانگ لە مووچەخۆرانی عێراق دواکەوتوون، و ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، مەترسیی فەوتانی دوو مووچەی ئەمساڵیان لەسەرە.