191 کوردستان

چوارشه‌ممه‌ وه‌زیره‌كانی هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌ و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی راگه‌یه‌نرا

03:09 - 12/10/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەسەر دوو بابەتی گرنگ بەڕێوەبچێت، هاوکات کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبێت و بانگەشەی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نابێت. 

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥،  پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:  بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نابێت و حکومەت بەردەم دەبێت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و پڕۆژە و کاری گرنگ بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، ڕۆژی چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوو تەوەری گرنگ کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە،  بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەم هەفتەیەدا دوو بڕگە دەبێت، بڕگەی یەکەم: خستنەڕووی دەرئەنجامی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی پێشوودا ئەنجامدرا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر ڕاسپاردەی دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ساڵی 2025،ئەم بڕگەیە لەلایەن بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار دەخرێتەڕوو بۆ ئەنجوومەن.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت، تەوەری دووەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ستراتیژییەتی نیشتمانیی پێنج ساڵە 2025-2029 ( بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران. ئەم ستراتیژیەتە بە هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڵاڵە کراوە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن