971 کوردستان

مەسرور بارزانی نامەیەک لەبارەی ١٢٠ ملیارەکە ئاراستەی سوودانی دەکات

02:33 - 06/10/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 ئومێد سەباح ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی نامەیەكی بۆ سەدانی  ناردووە و داوای كردووە، وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت نەكرێتە بنەما لەبارەی دیاریكردنی بڕی داهاتی نانەوتی.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد،  بۆ زامنكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لەپێناو ئەوەی هیچ مووچەیەك نەفەوتێت، هەمیشە ئامادەییمان دەربڕیوە كە لەنزیكترین كاتدا پشكی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بنێردرێت هەر كاتێك ڕێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ دەستپێبكات، ڕەوانەی دەکەین، بەڵام تاكو ئێستا حكومەتی فیدراڵ ڕەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ نەداوە.

سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە ڕێككەوتن لەسەر بڕی ئەو پارەیە كراوە كە وەك داهاتی نانەوتی سێ مانگی هەرێمی كوردستان بۆ خەزێنەی فیدراڵی ڕەوانە دەكرێت، بەڵام بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی دیاریكردنی پشكی خەزێنەی فیدراڵی لە داهاتە ناوخۆییەكانی كوردستان، گرفتێكی دیكەی بەردەم پرۆسەكەیە.

ئومێد سەباح دووپاتیكردەوە، بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەو پرسە، پابەندكارانە نییە، بۆ ئەوەش سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی نامەیەكی بۆ سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ناردووە و داوای كردووە، وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی پرسی داهاتە ناوخۆییەكان نەكرێتە بنەما بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن