ئاسایشی حکومەتی سوریا ڕێگاکانی نێوان دیمەشق و قامیشلۆی داخست
03:56 - 05/10/2025
زەمەن _ هەواڵ
ئاسایشی گشتیی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا، خاڵی پشکنینی زەکی لە نێوان ناوچەکانی خۆی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا داخستووە، بەمەش هاتووچۆ لە نێوان دیمەشق و قامشلۆ نەماوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لەزگین خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەڤاڵ ئاشکرایکرد،"لە نێوان ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی دیمەشقدا هاتووچۆ راگیراوە و رێگە بەهاتن و چوونی ئۆتۆمبێل نادرێت".
دەشڵێت: ئەمڕۆ چەند گەشتێکیان لە حەسەکە بۆ دیمەشق و بە پێچەوانەوە هەبووە، بەڵام رێگەی هاتووچۆیان پێنەدراوە.
بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیا گەشتیارییە ئاماژەی بەوەشکرد، نەوەکو ئۆتۆمبێلی هێڵەکانی گواستنەوە، رێگە بە ئۆتۆمبێڵی هاووڵاتییانیش نەدراوە هاتووچۆ بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا بەرپرسانی دیمەشق داخستنی رێگەکانیان بە فەرمی بڵاو نەکردووەتەوە.
داخستنی رێگە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە چەند ناوچەیەکی سووریا، جگە لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و سوەیدا.