9 جیهان

دەم پارتی كۆبونەوەی لیژنە پەرلەمانییەكەی توركیای جێهێشت

07:34 - 18/09/2025

زەمەن پرێس:
ئەندامانی دەم پارتی لە لیژنە پەرلەمانییەكەی تایبەت بە پڕۆسەی چارەری بەهۆی وتە ئیستیفزازییەكانی جێگری سەرۆكی گشتی كۆمەڵەی بانگەشەی ئیسلامی، نزیك لە حزبوڵاوە، كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەكەیان جێهێشت و هاوكات ئەندامێكی لیژنەكە لە فراكسیۆنی مەهەپە-ش كاردانەوەی بەرامبەر بە وتەكانی ناوبراو نیشاندا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆبونەوەی لیژنەی هاودەنگی نەتەوەیی و برایەتی و دیموكراسی، دەستیپێكرد و كە تەرخانكراوە بۆ گوێگرتن لە بەشێك لە كۆمەڵەو رێكخراوەكان.
بەپێی میدیاكانی باكوری كوردستان، لە کۆبونەوەکەدا محەمەد بەشیر شیشمەك، جێگری سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی بانگەشەی ئیسلامی، نزیك لە حزبوڵا، كە کۆمەڵەکەیە لە لایەن ئەنوەر کلچارسڵانەوە دامەزراوەو بە کوشتنی هەزاران کەس تاوانبارە، قسەی "ئیستیفزازی" كردون.
ئەندامانی لیژنەكە لە فراكسیۆنەكانی دەم پارتی و مەهەپە، ناڕەزایەتییان لەبارەی قسەكانی شیشمەك نیشاندا.
شیمشە کە بە ناوی کۆمەڵەکەوە قسەیکرد، وتی، ئایدیا و زیهنیەتی مارکسیست-لینینی گەلی کوردی لە باوەڕی خۆی دابڕیوە. داخۆ ئەم زهنیەتە خزمەت بە کێ دەکات؟ نەریتی گەلی کوردی گۆڕی و لە خۆی دایبڕی. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە بەناوی دەوڵەتەوە هەندێک پاڵپشتی پێشکەش کراوە.
دوابەدوای ئەوە فەتی یەڵدز، ئەندامی لیژنەكە لە فراكسیۆنی مەهەپە کاردانەوەی بەرامبەر قسەکان نیشاندا و وتی: "ئێمە ئێوەمان لێرە بۆ ئەوە بانگهێشت نەکردوە، کە سووکایەتی بە سەرباز، پۆلیس و دەوڵەت بکەن."
هەروەها ساروهان ئۆڵوچی لە فراكسیۆنی دەم پارتیش وەڵامی دایەوەو وتی"بەم زمانە ئاشتی چۆن دەکرێت؟ تاوەکو ئێستا بەرگەی قسەکانی ئێوەمان گرتوە. بەڵام ئێوە بە خوێن خۆتان بەخێودەکەن. شەرم بکەن، خوێنڕێژینە."
پاشان جەنگیز چیچەک لە فراكسیۆنی دەم پارتی قسەی کرد و وتی: "ئێوە بە گرێی بەراز (وەسفێكە بۆ شێوازێکی ئەشکەنجەدان) مرۆڤتان کوشتوە. ئەوانەی بونەتە بەڵای سەری کورد، ئێوەن."
پاش ئەوە قسانە  ئەندامانی لیژنەكە لە فراكسیۆنی دەم پارتی هۆڵی كۆبونەوەی لیژنەكەیان بەجێهێشت.
هاوکات نوعمان کورتولموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا وتی: "هەموان ئازادن لە دەربڕینی سەرنجی خۆیان، بەڵام با ڕابردو نەهێنینە ناوەوە. با وەکو ئەزمونێک جێی بهێڵین. با لە پرۆسەیەکی ئەرێنیدا ڕوداوەکانی ڕابردو دوبارە نەبنە ڕۆژەڤ. مۆری خۆتان لەو پێشهاتانە مەدەن، کە ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ دوبەرەکیی نوێ."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن