سبەی دوا وادەی پڕکردنەوەی پسوڵەی ئەلکترۆنی خۆراکە و دەبێت بە پارە
02:22 - 30/08/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: سەرەتای ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانی کارتی ئەلکترۆنی خۆراک و دوای ئەوە نوێکردنەوە تەنها لەڕێگەی ناوەندەکانی بەشەخۆراکەوە دەبێت و پارەش وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی ئابی ٢٠٢٥، محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق کە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی زانیارییەکانی کارتی ئەلکترۆنی بەشەخۆراکییان نوێکردوەتەوە، گەیشتوەتە زیاتر لە (٣٧) ملیۆن هاوڵاتی لە ناوخۆی عێراق و لەدوای (١)ی ئەیلولەوە هاوڵاتیان دەتوانن بە سەردانکردنی ناوەندەکانی بەشەخۆراک یان پێدانی رسومات بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی، داتاكانیان نوێ بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە ٨٥٪ لە هەڵەبجە (٨٩٪)، هەولێر (٨٧٪)، سلێمانی (٨٦٪) و دهۆک (٨٢٪)، بەمەش کۆی ئەو کەسانەی زانیارییەکانیان لە هەرێم نوێکردۆتەوە، گەیشتوەتە زیاتر لە چوار ملیۆن و (٦٠١) هەزار هاوڵاتی.