قەسابێک تووشی تای خوێن بەربوون بوو
01:36 - 30/08/2025
زەمەن _ دهۆک
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: قەسابێکی تەمەن ٤٣ ساڵ، لە دهۆک تووشی تای خێنبەربوون بوو.
ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ی ئابی ٢٠٢٥، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، تووشبوویەکی دیکەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانیشتووی شارەدێی سێمێڵە لە پارێزگای دهۆک، تەمەنی ٤٣ ساڵە پیشەی قەسابە، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشییەکە و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری چارەسەری پزیشکی بۆ گیراوەتەبەر.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە.
باسی لەوەشکردووە، “ئەو هاووڵاتییانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی هەیە لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن”.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لە ماوەی رابردوو نۆ حاڵەت دەستنیشانکراون دووانیان لەبەر قورسیی باری تەندروستییان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە.