71 کوردستان

رۆژنامەی فەرمی عێراق: هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە

12:07 - 07/08/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان

رۆژنامەی سەباح لەژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشكرایكرد کە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەستپێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی “سەباح”ی عێراقی بە ناوی سەرچاوەیەکی وەزارەتی نەوتەوە بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنی کۆتایی دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکییەوە نەکراوە، بەڵام دانوستانەکانی ئێستا زۆر پێشکەوتوون و تەنیا چەند وردەکارییەکی سادە ماون بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

سەرچاوەکە وتیشی: “وەزارەتی نەوت بەرەو ڕێککەوتنێکی ئەرێنی دەچێت و لەم ماوەیەدا لێکگەیشتنە تەکنیکی و لۆجستییەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن تەواو دەکرێن”.

سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی بە ڕۆژنامەکە ڕاگەیاندووە کە هەر ئەوەندەی ڕێککەوتن بکرێت، کۆمپانیای سۆمۆ لە ڕووی تەکنیکی و لۆجستییەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت”.

دوێنێش حەیان عەبدولغەنی. وەزیری نەوتی عێراق لە کەرکووکەوە ڕایگەیاند، لەو 130 هەزار بەرمیل نەوتەی ئێستا هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنیت، 80 هەزاری ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و 50 هەزارەکەی دیکەشی بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت.

حەیان عەبدولغەنی وتیشی: “ئەمڕۆ یان سبەینێ نەوتەکەی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن