پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژئاوا ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی هاوبەش دەکەن
09:30 - 05/08/2025
زەمەن پرێس:
پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سریان-ئاشوور، ئەرمەن،
ئێزدی، تورکمان و چەرکەس، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەکارییان دەست
پێکردووە بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێک لە ژێر ناوی کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی
پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
جوان مەلا ئیبراهیم، هاوسەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی
ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی لیژنەی ڕێکخستنی کۆنفرانسەکە رایگەیاند: کە لە مانگی
حوزەیرانی ئەمساڵەوە وەک دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵایەتیی، پێکهێنەرانی باکوور و
ڕۆژهەڵاتیی سووریا کۆبوونەوە و دەستییان بە ئامادەکارییەکان کردووە.
ئاماژەى بەوەشکردوە، کۆنفڕانسەکە لە ٢٠ ئەندام
پێکهاتووە کە نوێنەرایەتی سەرجەم کانتۆنەکان دەکەن.
ناوبراو روونیکردەوە، دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس،
هەوڵەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ناکۆکی لە نێوان گەلانی سووریا زیادیی کردووە، لایەنەکان
دەیانەوێت لە رێگەی کۆنفرانسەکەوە یەکریزیی خۆیان لە بنیاتنانی سووریایەکی
ناناوەندی و دیموکراتیک پێکبهێنن.
بە وتەی جوان مەلا ئیبراهیم چەندین
کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیر، کەسانی ئاینی، بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون، و
ئەوانەی بەشداری دەکەن ژمارەیان لە نێوان ٤٠٠ تا ٥٠٠ کەسدا دەبێت.
لە کۆنفراسەکەدا تاوتوێی ئەو
ڕەشنووسە دەکرێت کە ئێستا لە لایەن لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەوە ئامادە دەکرێت
و بە ئەنجامنامەیەک کۆتایی پێدێت.