هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: روون نییە کێ تەقەی کردووە و حەسەنی كوشتووە
03:44 - 14/07/2025
زەمەن _ سۆران
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیەنێت، کێشەی کارەبای ناحیەی وەرتێ ئەمڕۆ چارەسەر دەکرێتلێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی هاوڵاتییەکەی شەوی رابردووی وەرتێ دەکە و ڕوون نییە کێ کوشتوویەتی.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی تەموزی ٢٠٢٥، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا ئاشکرایکرد، "ئێستا دۆخی ئیدارەکە ئاساییە و ئارامە. لەگەڵ وەزارەتی کارەبا چەند رۆژێکە بە بەردەوامی لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای ناوچەکانی سنووری سۆران، بەڵام کێشەکە گشتییە، لە بەشێکی گوندەکانی دەوروبەری هەولێر و سنووری سۆران کێشە هەبوو، ئەمڕۆ کێشەی کارەبای گوندەکان بە تەواوی چارەسەر دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە، گوندەکانیش موەلیدەیان نەبوو، بۆیە کێشەیان بۆ دروستبوو، بابەتەکە هەڵەی تەکنیکی بوو و چارەسەر دەکرێت، رۆژی پێشتر دانیشتنمان لەگەڵ هەموویان کرد و داواکارییەکان وەرگیرا و کاری لەسەر دەکرا، بەڵام ئەوانەی دوێنێ شەو گردبوونەوە ئەو کەسانە نەبوون کە ئێمە لەگەڵیان دانیشتین".
هاوکات، هەڵگورد شێخ نەجیب وتی، "جارێ روون نییە و نەزانراوە کێ تەقەکەی کردووە، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین، بەڵام بەبێ مۆڵەت خۆپیشاندانەکە کرابوو".
لەلایەکی دیکەشەوە بنەماڵەی حەسەن عەبدولڕەحمان کوژراوەکەی شەوی رابردووی وەرتێ هۆشداری دەدەن و دەڵێن، "ئەگەر حکومەت بێدەنگ بێت بەرامبەر بەم تاوانە و بکوژ رادەستنەکرێت، خۆمان بەرێگەی عەشایەری تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە".