37 کوردستان

بارەگای بارزانی: لە بەغداوە بەڵێندراوە کێشەى مووچە چارەسەر بکرێت

09:03 - 12/07/2025

زەمەن پرێس:
بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت، لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانى سەبارەت بە کۆبوونەوەکەى مەکتەبی سیاسی پارتى و دواین هەڵوێستی بەغدا رایگەیاند: پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە.
وتیشی: هەر ئەمڕۆ بەڕێز د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت.
بارەگای بارزانی ئاماژەى بەوەشکردوە، هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە.
بارەگای بارزانى دەشڵێت: هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن