12 جیهان

ڕاپرسی: زیاتر لە نیوەی ئەمریکییەکان گومانیان لە تڕەمپ هەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە دەرەوەی وڵات

02:57 - 26/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

بەپێی ڕاپرسییەک کە لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، سه‌دا ٥٦ی بەشداربووان گومانیان لەوە هەیە کە سەرۆكی وڵاته‌كه‌یان، دۆناڵد تڕەمپ بڕیاری دروست لەبارەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە دەرەوەی وڵات بدات.


لە چوارچێوەی ڕاپرسییەکدا کە ئاژانسی ئەسۆشیەییتد پرێس (AP) و ناوەندی توێژینەوەی کاروباری گشتیی (NORC) لە نێوان ڕۆژانی ١٩ بۆ ٢٣ی شوباتدا لەگەڵ هه‌زار و ١٣٣ کەسی پێگەیشتوو ئەنجامیان داوە، پرسیار لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران کراوە.
بەپێی ڕاپرسییەکه‌ متمانە بە تڕەمپ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دوژمنەکان و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە دەرەوە کەمە.


هه‌ر به‌پێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییه‌كه‌ سه‌دا ٥٦ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە متمانەیان زۆر کەمە یان هیچ متمانەیان نییە کە تڕەمپ بڕیاری دروست لە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە دەرەوەی وڵات بدات، لە بەرامبەردا تەنیا سه‌دا ٢٧یان ده‌ڵێن متمانەیان پێیەتی. هەروەها ڕێژەی ئەوانەی متمانەیان نییە کە تڕه‌مپ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دوژمنەکانی بڕیاری دروست بدات سه‌دا ٥٥ و ڕێژەی متمانەپێکەرانیش سه‌دا ٢٨ ە.


لە ڕاپرسییەکەدا سه‌دا ٤٨ی بەشداربووان دەڵێن زۆر نیگەرانن لەوەی ئایا بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمریکا یان نا، سه‌دا ٣١یان تا ڕادەیەک نیگەرانن و سه‌دا ١٩شیان ده‌ڵێن هیچ نیگەران نین.
هه‌روه‌ها سه‌دا ٦١ی ئەمریکییەکان لەو بڕوایەدان ئێران دوژمنی ئەمریکایه‌. لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ڕاپرسییەکی ئەیلوولی ٢٠٢٣ی (AP-NORC)دا سه‌دا ٥٣ بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن