28 کوردستان

پەرلەمانتارێک: نابێت حکومەتی هەرێم خۆی لە پرسی مووچە بدزێتەوە

10:01 - 25/06/2025

زەمەن پرێس:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناکرێت حکومەتی هەرێمی  خۆی لەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیە بدزێتەوە و دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ئەگەر نا ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێیەوە.
دارا سێکانیانی پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانى عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند: هەوڵی زۆر درا بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی موچەخۆان، دادگای فیدڕاڵی لە ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤ سەبارەت بە پابەندکردنی هەردوو حکومەت بۆ دابینکردنی موچە فەرمانی دەرکرد نابێت دوابخرێت، بەڵام نەتوانرا هیچکامیان پابەندبن تاوەکوو ئەم کێشەیە چارەسەربێت.
وتیشی: لە کۆبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەرچوار سەرۆکایەتییەکەدا، جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی یاسا و دەستوری دادگای فیدڕاڵی عێراقدا پابەند بێت، هەروەها بۆ چارەسەری ڕیشەی بۆ پرسی مووچە.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، ئەویش بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوتیی و لە ٥٠٪ ـی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی تەوتین و فرۆشتنی نەوت لە ڕێگای سۆمۆوە .
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆرەپانی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق نووسراوی خۆیان داوە ئەوەی ماوە هەرێمی کوردستانە، ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە بدزێتەوە و هەرچی کردووە دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ئەگەر وانەکات ڕووبەڕووی کاردانەوەی خەڵکی کوردستان دەبێیەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن