دەمپارتی: دەرگاکانی ئیمرالی بکەنەوە با بەڕێز ئۆجالان
08:53 - 24/06/2025
زەمەن
پرێس:
هاوسەرۆکی
گشتی دەم پارتی تولای حاتیمۆغولاری ڕایگەیاند، دەرگاکانی ئیمرالی بکەنەوە با
ئۆجالان لەگەڵ ڕۆشنبیران و یاساناسان، ئەکادیمیستەکان و سیاسەتمەدارانی وڵات و
دەرەوەی وڵات کۆببێتەوە، ئەگەر دەرگاکانی ئیمرالی بکرێتەوە دەرفەتی ئاشتی زیاتر
دەبێت.
هاوسەرۆکی
گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتیمۆغولاری، ئەمڕۆ
لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ئەم شەڕە دووبارە نیشانی
داینەوە ئاشتی بۆ هەرێمەکە چەندە گرنگە، بێگومان ئاشتی لە تورکیادا دەتوانێت ئاگری
شەڕ لە هەرێمەکەدا خامۆش بکات.”
وتیشی:
باخچەلی کە دەڵێت با پڕۆسەکە بە خێرای بەڕێوەبجێت زۆر گرنگە، گەل بە مافداری دەڵێن
‘نیگەرانییەکانمان پشتگوێ دەخرێن، حکومەت و دەوڵەت ئەم نیگەرانیانەی کۆمەڵگە
نابینن، پێویستە ببینن، لە تورگوتلو لە مانیسا خوێندکارێکی ئامادەیی بەهۆی
بەرزکردنەوەی دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ دەستگیرکرا، ئەمە لەکاتێکدا ڕوویدا کە
باسی ئاشتیمان دەکرد.
ئاماژەى
بەوەشکرد، ئۆجالان و هەمووکەسێک داخوازی
هەیە ئەویش دروستکردنی کۆمیسیۆنە لە پەرلەمان، ئایا ئەم کۆمیسیۆنە کەی دروست
دەکرێت؟ دەشڵێت: زانیارییمان هەیە کە بەڕێز کورتولموش لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی
پارتەکان کۆدەبێتەوە، ئەمە شتێکی ئەرێنییە، هیوادارین ئەنجامی ڕوون دەربکەوێت،
ڕێگەی ئاشتی بە بوێری و ئیرادە سەردەکەوێت.
هاوسەرۆکی
دەمپارتى دەشڵێت: یەکێک لە بابەتە گرنگەکانیش ڕێگەدانە بە دیالۆگێکی بەردەوام
لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان، هەموو کەسێک دەیەوێت لەگەڵی دیدار بکات، لە چەند ڕۆژی
داهاتوودا شاندێکی گەورە لە ئەوروپاوە بە مەبەستی دیدار دێنە تورکیا، دەرگاکانی
ئیمرالی بکەنەوە با بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ ڕۆشنبیران و یاساناسان، ئەکادیمیستەکان و
سیاسەتمەدارانی وڵات و دەرەوەی وڵات کۆببێتەوە. ئەگەر دەرگاکانی ئیمرالی بکرێتەوە
دەرفەتی ئاشتی زیاتر دەبێت.