ئەمڕۆ تاران ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت
05:16 - 24/06/2025
زەمەن:-
لە گۆڕەپانی ئینقلابی تاران بۆ پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" ئاهەنگی سەرکەوتن ساز دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تێلیگرام' بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر ٦ـی ئێوارە بە کاتی تاران، لە گۆڕەپانی 'ئینقلاب' بۆ پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" گردبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەری و ئاهەنگ بەڕێوە دەچێت.
کەناڵەکە بڵاوی کردووەتەوە "لەم بارودۆخە هەستیارەدا، پشتیوانییەکانی هاووڵاتییان بۆ هێزە چەکدارەکان پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوە ئاراستەی دوژمنان دەکرێت، کە ئێمە نەتەوەی ئیمام حوسێنین و ئێران هەردەم بە سەرکەوتوویی دەمێنێتەوە."
هەروەها داوای لە دانیشتووانی تاران کردووە بە دەم بانگەوازەکەوە بچن و بە فراوانی پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح" بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 23-06-2025، سوپای پاسدارانی ئێران بە هەڵدانی 14 مووشەک بە ئاراستەی عودەیدی قەتەر، ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح"ی دژی هێزەکانی ئەمەریکا جێبەجێ کرد، وەک وەڵامدانەوەیەک بەرانبەر بە بۆمبارانکردنی هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا.