22 جیهان

عەباس عراقچی:تەنها یەک پەیوەندی تەلەفۆنی لە واشنتۆنەوە بەسە بۆ بێدەنگکردنی ناتانیاهۆ

08:53 - 16/06/2025

زەمەن پرێس:
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت: تەنیا یەک پەیوەندی تەلەفۆنی لە واشنتۆنەوە دەتوانێت بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بێدەنگ بکات.
عراقچی، لە سەكۆی "ئێكس" بڵاویکردەوە، تەنها یەک پەیوەندی تەلەفۆنی لە واشنتۆنەوە بەسە بۆ بێدەنگکردنی ناتانیاهۆ، ئەوەش رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ رێڕەوی دیپلۆماسی، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بکەوێتە داوی "دایکی شەڕە نەبڕاوەكان"، ئەوا هەر ئەگەرێك بۆ دانوستاندن لەناو دەبات و، لێکەوتەی مەترسیدارو پێشبینینەکراوی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئابوری جیهانی دەبێت.
وتیشی: هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجی هێرشەکەی ناتانیاهۆ بۆ سەر ئێران، کە سەدان هاوڵاتی مەدەنی بێتاوانی لە نێویاندا ژن و منداڵ كوژراون، رێگرتن بوو لە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، رێککەوتنێک کە لەسەری دەڕۆیشتین بە ئاڕاستەیەكی دروست بۆ بەدیهێنانی.
وەزیری دەرەوەى ئێران باس لەوە دەکات، ئەگەر ترەمپ بەڕاستی باوەڕی بە دیپلۆماسی هەبێت و بیەوێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت، ئەوا هەنگاوەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن، ئیسرائیل دەبێت دوژمنكارییەكانی خۆی رابگرێت، بەبێ وەستانی تەواوەتی دوژمنكاری سەربازی بۆ سەر ئێمە، وەڵامەکانمان بەردەوام دەبن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبەشێكی تری نوسینەكەیدا، جەختیكردووە، بە شانازییەوە تا دوا دڵۆپی خوێن دەجەنگین بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەمان، گەلەکەمان، شكۆمان و دەستکەوتەکانمان، ئۆپەراسیۆنەکانیش دژی ئیسرائیل بەشێکە لە وەڵامدانەوەی بەرگریکارانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن