پزیشکێک: ئیسرائیل لە ڕێگەی ڤاکسینێکەوە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە
05:09 - 16/06/2025
زەمەن _ جیهانی
پزیشکێکی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل لە ڕێگەی ڤاکسینێکەوە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە.
ئەمڕۆدووشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، عەباس تەبریزیان، پزیشکی ناوداری ئیسلامیی ئێرانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام، زانیاریی نوێی لەبارەی چۆنییەتی بە ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە لایەن ئیسرائیلەوە، بڵاو کردەوە.
ئەو پزیشکە ئیسلامییە باسی لەوە کردووە، ئیسرائیل بۆ کوشتنی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، سوودی لە ڤاکسینێک وەرگرتووە.
عەباس تەبریزیان ئاماژەی بەوەش کردووە " چەند ساڵێک پێش ئێستا، ژمارەیەک لەو فەرماندە باڵایانەی سوپای پاسداران کە کوژراون؛ جۆرێکی ڤاکسینێکی کۆرۆنایان بەکار هێنابوو، ئیسرائیلیش لە ڕێگەی ئەو ڤاکسینەوە توانیویەتی شوێنیان پێ بزانێت و بیانکوژێت."
ئەو پزیشکە ئیسلامییە ئاماژەی بەوەشداوە، پێشتر زۆر هۆشداریی داوەتە ئەو فەرماندە باڵایانەی سوپای پاسداران کە ڤاکسینەکە بەکار نەهێنن، بەڵام کەس گوێی لێ نەگرتووە و سووربوون لەسەر بەکارهێنانیان.