23وتار

عێراق: ئەو کاتەی کە گاڵتەجاری بە زانست دەکرێت و پڕوپووچی بەرز ڕادەگیرێت

7/29/2025 3:22:00 PM
سەعید کاکەیی

نووسینی: جۆرج مەنسور*
وەرگێڕانی: سەعید کاکەیی 

 

 "پەروەردە بەهێزترین چەکە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان."

-نێلسۆن ماندێلا

 لە عێراقدا کە وڵاتێکە خاوەن میراتێکی دەوڵەمەندی کولتووری و مرۆیی بوو، داستانی گیلگامشی تێیدا نووسرا، فەلەکناسی و پزیشکی داهێنرا، بەرزەخانە (زەقورات)ی تێدا دروستکران، یاسای حەمورابی دەرچوواند، یەکەم بلۆکی بیناسازی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دانرا، کۆنترین یاساکان کۆدبەند کران، و یەکەم کتێبخانەی مێژوو لە مێژوودا دامەزرا، شارستانیەتەکان بەکاریان دەهێنا بۆ نووسینەوەی مێژوو، نەك بە سەرپێیی خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و داڕشتنی یاساکانیشی ھەرگیز پابەند نەکرابوون بە غەیبەوە. لەم عێراقەدا، ئەمڕۆ دوکەڵی بخور بەرز دەبێتەوە و پڕوپووچی بەسەر دەنگی ئەقڵدا زاڵ دەبێت.

تابلێتە لە قوڕ دروستکراوەکان و ماڵی حیکمە و لانکەی ئەدەب و فەلەکناسی دادەبەزێت بۆ سەردەمێك تیایدا جادووگەری جێگەی زانین دەگرێتەوە، لەبری بیرمەندان ڕاوێژ بە ڕاوێژکارانی ئایینی دەکرێت و ژنان پەنا بۆ "چارەسەری ڕۆحی" دەبەن بۆ دوورخستنەوەی بەختی خراپ لە ماڵەکانیان، داوای یارمەتی لە وەهمی "ڕزگاربوونی عیرفانیی" دەکەن، لە کاتێکدا منداڵەکانیان بێ قوتابخانەن، بێ کارەبا یان ئاوی پاکن. لەم وڵاتەدا دووڕوویی و دووفاقییە سیاسییەکان بە "سوێندخواردنی بەیعەت لە مەزارگە" چارەسەر دەکرێن، نەك بە دەستوور.

پڕوپووچی چیتر پەراوێزی کۆمەڵایەتی نییە؛ گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی ڕەفتار و ئاییندارییەکی شێواو کە ئیمان لەگەڵ بەرژەوەندی خۆ، ڕۆحانیەت لەگەڵ بەرژەوەندی خۆ، ئایینی ڕاستەقینە لەگەڵ ڕێوڕەسمی شانۆیی تێکەڵ دەکات. لە عێراقی ئەمڕۆدا جادووگەری و چاوەزارەی شین و کتێبگەلێك دەفرۆشرێن بەناونیشانی "تەلیسمانی ئیلاهی بۆ خۆشگوزەرانی و هاوسەرگیری و دەسەڵات". ئیدی لە گۆشەکانی ماڵەکاندا جادووەکان حەشار نادرێن؛ بەڵکو لە چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنیشەوە پەخش دەکرێن و وەك چارەسەرێك بۆ هەژاری و نەخۆشی و شکست و خیانەت پێشکەش بە خەڵک دەکرێن.

کچێک لە چارەنووسی خۆی دەپرسێت و ڕوقیە (کۆمەڵە ئایەت و دوعا)ی پێدەدرێت.

گەنجێک دەرفەتەکەی لەدەست دەدات و پێی دەڵێن: "جادووبار کراویت".

پیاوێکی بێکار بەدوای کاردا دەگەڕێت و ئامۆژگاری دەکرێت تەلیسم یان تارێک بە مەچەکی خۆیەوە ببەستێت.

بەم شێوەیە کردار و کۆشش تیرۆر دەکرێت، هیوا بە نەزانراوی و شاراوەیی دەکوژرێت و بێتوانایی بە چارەنووسی نەزانراو دادەپۆشرێت و ڕەوا دەبێت. ئەمانەش کاتێك ڕوودەدەن کە دەروازەی قوتابخانە و خوێندنگەکان دابخرێن و دەروازەی تەکیە و حوسێنییەکان بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێك بکرێنەوە، کاتێك مامۆستا پەراوێز دەخرێت و "نەخوێندەوارەکان" پیرۆز بکرێن، کاتێك نەوەکان بۆ ترس بەرز دەکرێنەوە نەك پرسیار. کەواتە چاوەڕوانی چی دەکەین؟

زۆرێك لەم ڕێوڕەسمانە بەرەوپێش دەبەن، چونکە بێهۆشکەرن نەك بیرکردنەوەی ھۆشھەژێن: چونکە خەڵكی بە رۆژی قیامەتیانەوە سەرقاڵ دەکەن و ڕێگرییان لێدەکەن ئێستایان بخەنە ژێر پرسیارەوە. هەژاری نائومێدی بەخێو دەکات و نائومێدی پێویستی بە دڵنەوایی هەیە و دڵنەوایی لە شێوەی "سەردان"، "نەزر"، "گرێدان" و "نییەت" پێشکەش دەکرێت، لە بازنەیەکی داخراودا نەك هۆشیاری، بەڵکو خۆبەدەستەوەدان بەرهەم دەهێنێت.

پڕوپووچی تەنها بەرهەمی لاوازی دەروونی نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی ئاڵۆزە لە ترس، لە نادیار و نەبوونی هۆشیاری و ژینگەیەکی هاندەر و پێویستییەکی قووڵی دەروونی بۆ لێکدانەوە و مانا بەخشیی. لە ناو سیستەمێکی کولتووری و ئایینیدا بە نەوەکاندا دەگوازرێنەوە، هەندێکجار وەك "ڕاستی سەلمێنراو" یان بەشێك لە ناسنامە دەخرێنەڕوو، ئەمەش وا دەکات ڕەخنە یان پرسیارکردنیان قورس بێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم وابەستەییە لە ڕێگەی گاڵتەجاڕیەوە نییە، بەڵکو لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەروەردە و پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و فراوانکردنی تێگەیشتنی زانستی بۆ دیاردەکان ئەنجام دەدرێت. عێراق کە ڕێژەی هەژاری لەسەدا 19.5% یە، سەرەڕای ئەوەی لە پلەی 107ی وڵاتانی جیهانیدایە و لە پلەی هەشتەمی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانی عەرەبیدایە، بەڵام بەدەست ناهاوسەنگییەکی توندی نێوان سامان و هۆشیارییەوە دەناڵێنێت.

ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت، ڕاکردنە لە واقیعێکی تادێت سەخت و دژوارتر. مرۆڤەکان جگە لە خۆڵەمێشی مێژوو و سێبەری پیرۆزەکان کەس نادۆزنەوە دەست لە پشتیان بدات. کارەکتەرەکان دەردەکەون و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "چارەنووس دەکەنەوە"، "جادوو پوچەڵدەکەنەوە" و "بەستراوەکان هەڵدەوەشێننەوە". لە کاتێکدا بەرنامەی پەروەردەیی و زانستییەکان بزرن و زانکۆ و مێتۆدەکانیان بەر ھێڕش دەکەون بە گوای ئەوەی کە "گومان لەسەر باوەڕداری" دروست دەکەن.

ئایا قەدەرە کە عێراق لە سۆمەر و ئەکاد و بابل و ئاشوورەوە بێتە سەر فەتوا و جادووگەری و باڵاپۆشییەوە؟

لە حەمورابیەوە بۆ پارچە پەڕۆیەكی ئاوڕێژکراو بۆ ھەڵواسینی لە مەزارگەکاندا؟

لە خواریزمیەوە بۆ ئەوانەی ئایەتەکانی قورئان بەسەر ئاودا دەخوێنن لەپێناو چاککردنەوەی مۆبایل لە چاوی پیسی؟ 

جگە لە زانست، مەحاڵە ڕزگاربوون ھەبێ. 

بەبێ هۆشیاریش کەرامەت بوونی نییە. 

ھەستانەوەش نییە بۆ ئەوانەی لە پەراوێزی عەقڵدا دەژین.

ئەم وڵاتەی کە جیهانی فێری نووسین کرد، شایەنی ئەوەیە خۆی بخوێنێتەوە پێش ئەوەی تابلێتەکانی ببنە جادوو و یادەوەرییەکانی ببنە دڵنەوایییەکی هەمیشەیی.

کاتێک نەخوێندەواری لە وڵاتێکی خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەند بڵاودەبێتەوە، تەنها دیاردەیەکی بێ پەروەردەیی نییە؛ بەڵکو برینێکە لە یادەوەریدا، خیانەتێکە لە سەدەکانی کەڵەکەبوونی کولتووری، لەگەڵ داڕمانی توانای جیاکردنەوەی ڕاستی لە وەهم، لە نێوان زانین و پێوتنەوە، لە نێوان ئیمان و ملکەچبوونی کوێرانە.

نەخوێندەواری تەنها بێتوانایی نییە لە خوێندنەوە و نووسینەوە، بەڵکو بێتواناییە لە پرسیارکردن، لە گومانکردن، لە بیرکردنەوە. ئا لەو کاتەدا، مرۆڤەکان بە ئاسانی لە ڕێگەی چەواشەکاری و جادووگەرییەوە دەقۆزرێنەوە، دەنگدەران بە دروشمی فریودەرانەی تایفەگەری بەلاڕێدا دەبرێن، بەهۆی نەزانییەوە توندوتیژی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێت، پێگەی ژنیش دادەبەزێت کاتێك کە نەریتەکان بە دواکەوتوویی دەبەسترێنەوە. بە مەزەندەکراوی 3.2 ملیۆن منداڵ بەهۆی هەژاری و ئاوارەبوون و ژێرخانی ناگونجاو لە قوتابخانە دوورکەوتوونەتەوە. سەندیکای مامۆستایان (لە ئاداری 2025دا) مەزەندەی کردووە نزیکەی 10 ملیۆن کەسی نەخوێندەوار هەن- واتە؛ چارەکێکی دانیشتووانی عێراق. ڕێژەی نەخوێندەواری لە ناوچە گوندنشینەکان لە سەدا 30% تێدەپەڕێنێت.

چەند هۆکارێك بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری: ململانێکان، ئاوارەبوون، قەیرانی ئابووری، ژێرخانی وێران و کەمی بودجە، تەنانەت  تەرخانکردنی بودجە بۆ پەروەردە لە هەندێك ساڵدا لە سەدا 5.7%ی بودجەی گشتی زیاتر نەبووە. هەروەها جیاوازی جێندەری لە بواری پەروەردەدا فراوانتر بووە، بە تایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان.

بەهۆی نەزانینی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، نەخۆشیەکان بڵاودەبنەوە، پەنابردن بۆ چەقۆکێشەکان نەك پزیشکەکان زیاد دەکات، ئەمەش بەدخۆراکی و نەبوونی هۆشیاری تەندروستی توندتر دەکات.

کاتێک پڕوپووچی زاڵ دەبێت، توانای جیاکردنەوە لاواز دەبێت، ئەقڵ بە ئەفسانە جێگۆڕکێی پێدەکرێت، زانستیش بە ڕمڵ لێدان دەگۆڕێت. بەدبەختییەکان بە چاوی پیس و جادوو و تووڕەیی خودایی ڕوون دەکرێنەوە، نەك بە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و پلاندانانی خراپ. لۆژیک لە بەربەستی یەکەم "زار-قاچان" (ڕێوڕەسمێکی نیمچە فۆلکلۆری) تیرۆر دەکرێت و ئەزموونیش دەکەوێتە بەر تانەی ناو دڵی یەکەم "شێخ" کە فەتوا بۆ نەزانی دەردەکات. 

پاشان، چاوەڕوانکردنی "ئەو کەسەی دێت و نایەت" دەبێتە تاکە ڕێگەی دەربازبوون: ڕزگارکەر، فریادڕەس، دیارنەبوو، چاوەڕوانکراو. ئایکۆنێك کە سەبر پەروەردە دەکات و کردار دەکوژێت. چاوەڕوانی دەبێتە جێگرەوەی کردار، وەهم دەبێتە جێگرەوەی پڕۆژە. خەونی دواخراویش دەبێتە بیانووی دەربازبوون لە ئێستا.

لە واقیعێکی وەھادا، گەل

  تەنها کاتێك شکست دەهێنێت کە قەناعەتی پێکرابێت بەوەی شکست چارەنووسە و ھەستانەوەش موعجیزەیە و بەبێ فریادڕەس ھەوڵدان هیچ سوودێکی نییە. تەنیا ئەو کاتە مێژوو دەبێتە ڕازاندنەوەی دیوارە پشتگوێخراوەکان و شارستانیەتەکان دەنێژرێن، نەك لەبەر ئەوەی دوژمن بەهێزترە، بەڵکو لەبەر ئەوەی عەقڵ پاشەکشێی پێکراوە و دەستبەردارکراوە لە کارەکەی.

عێراق نە بە جادووگەری هەڵدەستێتەوە، نەش بە ھەلەقومەلەقی بنیاتنراو، بەڵکو بە میتۆدۆلۆژیا. نە بە ڕۆنی بەرەکەت و نەش بە باڵاپۆشی زەینەبی پێشدەکەوێت، بەڵکو بە عەقڵ و دادپەروەری. شەڕی ڕاستەقینە تەنیا دژی گەندەڵی و تایفەگەری نییە، بەڵکو دژی کولتووری ملکەچبوون و پڕوپووچییە، کە ئەقڵەکان دەخنکێنێت و ھێزگەلێك بەناوی ئایینەوە گڕەکەی خۆشە دەکەن.

زانست لەسەر بەڵگە و میتۆد بنیات نراوە، بەڵام پڕوپووچی لەسەر بیروباوەڕ و ئەفسانە نەسەلمێندراوەکاندا گەشە دەکات کە بەبێ بنەمایەکی ئەقڵانی و ئەزموونداری بڵاودەبێتەوە.

لە وڵاتێکدا کە شوناسی تایفەیی لە پێکهاتەیەکی کولتوورییەوە گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی، دڵسۆزی بۆ مەزهەب بووەتە گرنگترین شت لە بەرامبەر دڵسۆزی بۆ نیشتمان. کۆمەڵگاش لەت و پەتکراوە بۆ "ئێمە" و  بۆ "ئەوان". مێژوو بەپێی گێڕانەوەی تایفەیی داڕێژراوەتەوە و دووبەرەکی قووڵتر بووەتەوە و ئاشتەوایی نیشتمانی بەردەستنەبوویەکی دوورە.

لە عێراقدا تایفەگەری تەنیا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیاسییە لەسەر بنەمای دابەشبوون بەرپاکراوە. قەیرانەکانی قووڵتر کردووەتەوە و دەوڵەتی لاواز کردووە.

تاکە ڕێگای دەربازبوون لەم تونێڵە بریتییە لە بونیادنانی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون نەك پشكپشکێنەیی؛ دەوڵەتێك لەسەر بنەمای لێهاتوویی دروست بێت نەك کۆیلایەتی، لەسەر بنەمای یەکێتی بێت نەك تایفەگەری.

بە بۆچوونی خۆم، شەڕی هۆشیارییە کە تەنیا بە گەڕاندنەوەی ڕێز بۆ زانست و ئەقڵ چارەسەر دەبێت و ئایینیش وەك بەهایەکی ئەخلاقی و مەعنەوی ڕێزی لێبگیرێت، نەك وەك کاڵایەك کە لە بازاڕەکانی سیاسەت و چەواشەکاریدا بفرۆشرێت.
————————————————
* جۆرج مەنسور برادەرێکی دێرین و بیرمەند و نووسەر و ڕاگەیاندکارێکی  ناودار و وەزیرێکی پێشووتری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی کەنەدایە. ھەروەھا نووسەری کتێبی (إیڤین.. حفر في الذاکرة)یە کە چاپی دووەمی بەم نزیکانە بڵاودەبێتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن