دەستەی دەستپاکی: عێراق بووە ئەندامی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
08:16 - 29/07/2025
زەمەن پرێس:
دەستەی دەستپاکیی عێراق، بەئەندامبوونی عێراقی لە
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند. ئەندامێکی لیژنەی
دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقیش ئەندامبوونەکە بە 'سیمبوولی و بێ سوود' ناودەبات.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ
سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، بە نوێنەرایەتیی دەستەی دەستپاکیی
فیدراڵی، دوای واژۆکردنی داواکاریی ئەندامبوون و ناردنی بۆ کۆمەڵەکە، کۆماری عێراق
بووە ئەندامی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
دەڵێت، کۆمەڵەکە پێشوازیی لە
ئەندامبوونی عێراق کردووە و داوای کردووە، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ ئەمینداری
گشتیی کۆمەڵەکە بکرێت، بۆ تاوتوێکردنی پێویستی و پێشنیازەکانی دەستەی دەستپاکیی
عێراق.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی باسی لەوەش
کردووە، کۆمەڵەکە کۆنفرانسی ساڵانە و کۆبوونەوەی گشتی لە چەندین وڵات رێکخستووە،
لەوانە نەمسا، چین و قەتەر، ئەمە جگە لە بەڕێوەچوونی کۆڕ، وۆرکشۆپ و
پرۆگرامی راهێنان، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتی و
هەرێمییەکان، بەمەبەستی یەکخستن و پەرەپێدانی هەوڵەکان لەسەر ئاستی جیهان.
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی،
لە ساڵی 2006 دامەزراوە و تایبەتە بە یارمەتیدانی ئاژانس و دەستەکانی
رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سەرانسەری جیهان، بۆ چەسپاندنی دەستپاکی و
جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.