ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوای مووچەی مانگی شەش لە بەغداد دەکات
07:37 - 30/07/2025
زەمەن پرێس:
لەبارەی
مووچەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و ڕایانگەیاند، لیستی مووچە و
تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران ڕەوانەی بەغداد کراوە، بۆیە داوایان کرد
وەزارەتی دارایی عیراقە، مووچەی ئەو مانگەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
ئەمڕۆ،
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا دوا هەنگاوەکانی خەرجکردنی
مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمووزی تاوتوێ کرد.
لە
کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، لیستی مووچە و تەرازووی
پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، بۆیە ئەرکی
وەزارەتی دارایی عیراقە کە لە بەرامبەردا، مووچەی ئەو مانگەی مووچەخۆرانی هەرێم
خەرج بکات.
ئەنجوومەنی
وەزیران نوێنەرانی هەرێمی لە لیژنە هاوبەشەکان ڕاسپارد کە لەگەڵ هاوتاکانیان لە
حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆ بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی.
سەبارەت
بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ئەو بڕە
نەوتەی ئامادەیە بۆ هەناردەکردن، ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق
(سۆمۆ) بکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە.
ئەنجوومەنی
وەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پابەندبوونی بە
لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و لە بەرامبەردا پێویستە حکومەتی
فیدراڵ مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمووز هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عیراق خەرج
بکات، چونکە هەرێم پابەندییەکانی خۆی لە دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتیدا جێبەجێ
کردووە.