29 کوردستان

پزیشکانی مانگرتوو لەگەڵ ئاسایشی هەولێریش کۆبونەوە و مانگرتنیان شکاند

02:49 - 09/06/2025

زەمەن:-

 

 نوێنەرانی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە هەولێر، لەگەڵ وەزیری تەندروستی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر کۆبوونەوە و بڕیاردراوە بەکۆتاییهێنان بە بایکۆت کە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بەردەوام بوو.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، نوێنەرانی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە هەولێر کۆبوونەوەیان لەگەڵ سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر بووە. هەروەها بە جیاش لەگەڵ بارزان قەساب بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی هەولێر کۆبوونەتەوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ، لەسەرەتادا ئەوان سووربوون لەسەر بەردەوامیدان بە بایکۆتەکەیان، بەڵام دواتر رێککەوتن کراوە بۆ شکاندنی بایکۆت و بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێریش بەڵێنیداوە بە نوێنەرانی پزیشکەکان، بە نووسراوێک داواکەیان دەبەنە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.

هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە ئەو فەرمانی سزایەی شەوی رابردوو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، بۆ پزیشکانی مانگرتوو دەرکرا، کاری پێنەکرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە و بگەڕێنەوە بۆ دەوامەکانیان و لە کاتژمێر 12ـی شەوەوە بایکۆتەکەیان شکاندووە.
هەربەپێی زانیارییەکان، هێشتا لە سنووی شارۆچکەی کۆیە بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند نەشکێنراوە، هاوکات لە دهۆک پزیشکان ئامادەییان هەبووە بۆ راگەیاندنی بایکۆت ئەگەر لە هەولێر بەردەوامبووایە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن