بەپەلە.. دژەتیرۆر لە سلێمانى: دەستبەسەر چەند حەشارگەیەکى د*اع*شدا گیرا
02:40 - 09/06/2025
زەمەن _ سلێمانی
دژەتیرۆری سلێمانی بە هاوبەشیى هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی لە چەند ناوچەیەکى گەرمیانى کرد و دەستیبەسەر ژمارەیەک حەشارگەدا گرت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیى دژەتیرۆر لە سلێمانى، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاونیشتمانییان و لەناوبردنی هەر مەترسییەکی تیرۆر و تۆقاندن، هێزەکانیان بە هاوبەشیی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کێوماڵی چڕی سنووری گەرمیانیان کرد.
دەشڵێت: "لە هەڵمەتەکەدا توانرا چەند حەشارگەیەک کە بەکاردەهات لەلایەن ئەو گرووپەوە دەستیانبەسەردابگیرێت و پاکبکرێنەوە".
هاوکات، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆردا ئەوەش هاتووە، "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی، ئەرکێکی بەردەوامە لەسەر شانی دژەتیرۆر و هاوپەیمانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی، تاوەکو لەناوبردنی دوایین پێگە و ئەندامی تیرۆریستان ئەم ئەرکە بەردەوامدەبێت".