پسوڵەی ئەلیکترۆنی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بەردەستە
01:56 - 03/06/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند: هەولێر پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک بەشێوەیەکى فەرمى لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، شاندێکی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن هاوکاری وەزارەتەکە بن و بە زوویی پسوڵەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی پڕ بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند رۆژی رابردوودا، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنى پسوڵەی خۆراک بەشێوەی ئەزموونی بەردەستبووە و لە هەولێر ٣٧ هەزار، لە سلێمانی ٨٠ هەزار، لە هەڵەبجە ٦٧ هەزار و لە دهۆکیش ٤٠ هەزار کەس پسوڵەکەیان پڕکردووەتەوە.
هاوکات، نەوزاد شێخ کامیل وتیشی: لە قۆناغی یەکەمی ئەم پسوڵە خۆراکییەدا تەنیا ئەو ناوانە داخڵى پسوڵە ئەلیکترۆنییەکە دەکرێن، کە پێشووتر لەسەر پسوڵەی خۆراکی کاغەزیی ناویان هەبووە و لە قۆناغی دووەمدا زیادکردن و گواستنەوە و سڕینەوە ئەنجامدەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە شاندەکەی عێراق باسیان لەوەکردوو، پێشتر لە 14 پارێزگای عێراق پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک چالاکبووە و ئەپەکە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان بەردەستە.
شاندەکەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لە پرۆسەکە 27 ملیۆن هاوڵاتى پسوڵەی خۆی نوێکردووەتەوە و ئەم پسوڵە نوێیەش ئاسانکاریی بۆ کاروبارى حکومەت دەکات.