بابەتەکە بە خواردنی موچەی مانگێک یان چەند مانگێکی دیکە تەواو دەبێت
6/8/2025 10:09:00 PM
بەرهەم عومەر
شەوێک دەبێتە دەمەقاڵە و هاتوهاوار لە کۆڵان، مەلای مەشورەش لە ماڵەوە گوێی لێیە و هیچ خۆی تێناگەیەنێت، ژنەکەی پێی دەڵێت پیاوەکە، چۆن وا دەبێت، تۆ پیاوت پێ ئەڵێن، بڕۆ دەرەوە نەوەک پێویستیان بە ریش سپی و دەمڕاستێک هەبێت، بزانە چی بووە و خەڵک گوناحن، ئەویش زۆر مەیلی نییە بچێتە دەرەوە، بەڵام ژنەکەی وازی لێناهێنێت و ناچار پاڵتۆکەی ئەدات بەسەر شانیدا و دەچێتە دەرەوە.
پاش ماوەیەکی کەم هاتوهاوارەکە نامێنێت و خامۆش دەبێت، مەلا خۆی دەکات بەژووردا و ژنەکەی خێرا لێی ئەپرسێت نەموت تۆ بڕۆیت چارەسەر ئەبێت؟ ئەوە ئەو هاتوهاوارە لەسەر چی بوو؟ مەلای مەشورەش دەڵێت، ژنەکە وتم با نەچم، هەموو کێشەکان کاتێک چارەسەربوون کە لە بگرە و مەڕۆی ناوبژییەکەدا پاڵتۆکەی منیان دزی و ئیتر کێشەیان نەما و بڵاوەیان لێکرد، ئەوە منیش هاتمەوە ژورەوە و باقی وەلسەلام.
ئەم دۆخەی بەغداد و هەولێریش هەر ئەوەی مەلای مەشورەیە، نە بەغداد راستەکەی ئەڵێت و نە یەکێتی و پارتیش مەبەستی هیچ شتێکی تریان هەیە، ئاخیری ئەم چیرۆکە هەمان قەوانی خواردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووە، هەمان قەوانی خواردنی موچە پاشەکەوتکراوەکانە، هەمان قەوانی موچە لێبڕین و راگرتنی تەرفیع و شایستەداراییەکانی ترە، بۆچی نا؟ ئەی ئەوە نییە وەکو جەژنانەیەک حکومەتی هەرێم بڕیاریدا پارەی دیکە ببڕێت، بەتایبەتی هی ئەو 30 موچەیەی وەرنەگیراون و خوراون.
ئەگینا حکومەتی عێراقی دەیان کارتی دیکەی بەدەستەوەیە بۆ سزادانی هەر حیزبێک و هەر بەرپرسێک کە هۆکاری نەناردنەوەی پارەی داهاتی ناوخۆ بێت و خێرە هەر ئەوە دەزانێت پاڵتۆکە لە شانی موچەخۆران بڕفێنێت؟! ئەزانێت پاڵتۆ شڕەکەی موچەی فەرمانبەران هیچ کەسێک بەرگریی لێناکات.
بەغداد دەتوانێت:
1. رێگای سەفەرکردن لە بەرپرسە باڵا و قەراربەدەستەکانی هەرێم بگیرێت کە راستەوخۆ هۆکاری بێسەروشوێنکردنی داهاتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکانی هەرێم و عێراقن و ناچاربکرێن بچنە بەغداد ئەستۆپاکی تۆمەتەکانیان بکەن و داهات و سامانی خەڵکیان لێ بسەننەوە.
2. سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان کە کاردەکەن لە هەرێمی کوردستان سزابدات کە کەمتەرخەمییان کردووە و موماتەڵەیانکردووە لە پێدانی نەوتەکەیان بە سۆمۆ.
3. سزای ئەو بانکانە بدات کە لە ناوخۆ و خاڵە سنورییەکانەوە ئەو جۆرە داهاتانەیان وەرگرتووە و دواتر شوێنبزرکراون.
4. مۆڵەتی ئەو حیزبانە لە بەغداد رابگرێت کە لە سنوری قەڵەمڕەویاندا قاچاخچێتی بە نەوت و سامانە سروشتییەکانەوە دەکرێت و داهاتەکەی بێسەروشوێن دەکرێت.
5. سزای ئیداریی قەوارەی هەرێمی کوردستان بدات کە بەبێ پەرلەمان و بەبێ حکومەت سەرکێشیی بە داهاتی ناوخۆ و سامانە فیدراڵییەکانەوە دەکات.
6. هەر بە هەوەس و بە مەبەست ئالیەتەکانی پێدانی موچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کارا و خێراتر بکات، بۆئەوەی هێندەی دیدکە هەرێم ئیحراج بکات و ناچاربی کات پابەندبێت بەو بڕیارانەوە کە دەوڵەتی عێراقی پێوەبەڕێوەدەچێت و هەرێمیش قایل بووە لەوچوارچێوەیەدا مامەڵە بکات.
7. دەیان رێکاری دیکەی زۆر قورس و سەختی تر هەیە، کە حیزب و رەوتە باڵادەستەکانی عێراق نایگرنەبەر و تەنها سزای موچەخۆران دەدەن، لەبەرئەوەی موچەخۆرەکان دەنگدەری ئەوان نین، بەڵام سەرکردەکانمان سبەی دەبنە هاوپەیمانیی ئەوان و حکومەتیان لەگەڵدا پێکدەهێنن و کێکەکەیان لەگەڵدا قاش دەکەن (کێ ئازایە بڵێ وا نییە، با ژێربەژێر رێکەوتن و پێکهاتەی حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی 20 ساڵی رابردوو بکەم بە چاویا).
ئەی بۆچی حکومەتی عێراق، کارە راستەکە ناکات؟ پێموایە ئەویش زۆر لە خەمی راستکردنەوە و چاککردنی سیستمی کارگێڕیی هەرێمی کوردستاندا نییە، شەڕی خۆی لەگەڵ خاوەن پاڵتۆشڕەکان ئەکات و بەس، ئەگینا خۆ بەدیار چاویەوە دەزانێت ئەو فەرمانبەرەی لە هەرێمی کوردستان موچە وەردەگرێت کەمتری وەرگرتووە لە هاوشانەکەی خۆی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق، ئەی بۆچی قسە ناکات؟ بەڵام دەڵێت ئیستقتاعاتی 3٪ و 8٪ی 10 ساڵی رابردوو دەبێت لە موچەخۆرانی هەرێم وەربگیرێتەوە و ببڕدرێت.
درۆیەک فەرمانڕەواکانی بەغداد لەگەڵ موچەخۆرانی هەرێم کردویانە، مەگەر بەس موسەیلئەمەی کەزاب کردبێتی، ئەگینا هەر ئەو سودانییەی بەغداد 8 مانگ لەمەوپێش وتی، چۆن ئەبێت بەبێ هەرێم ئێمە موچەی هەرێم دابەش بکەین؟ بەوشێوەیە هیچ مانایەک بۆ حکومەتی هەرێم نامێنێتەوە، کەچی لەداوین چاوپێکەوتنیدا ئەیوت: هەر وەزارەتێکی هەرێم لیستی موچەکانیان بنێرێت بۆ ئێمە، سبەی بۆیان خەرج دەکەین.
من هەر ئەوەندەی لێ تێگەیشتووم، لە مشتومڕی نێوان ئەم تێسمڕاوانەی بەغدا و هەولێر، تەنها موچەی مانگێک یان چەند مانگێکی تری خەڵک ئەخورێت، کاتێکیش بۆ ستەمکارەکە دەگەڕێیت لە نێوانیاندا، من وەکیلتم، جوێن بدە بە چاکەکەیان، بەر کەس ناکەوێت جوێنەکە.