ئەمریکا و ئێران رێککەوتن یان سزای زیاتر
6/9/2025 1:28:00 PM
د.بیلال رەئوف
دە پاکێجی سزای نوێ لەماوەی گفتوگۆکاندا
دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا نزیکدەبێتەوە لەدوو مانگ بەلام هێشتا ئاسۆیەک بۆ رێککەوتن نیە و لەوماوەیەدا بەنێوەندگیری عومان، ئێران و ئەمریکا پێنج خولی دانوستانیان ئەنجامداوە سەرەڕای لێدوانی ئەرێنی ترەمپ بەلام ئەمریکا لەهەمان ماوەدا 10 پاکێجی سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندوە هەرچەندە ئێرانیەکان بەتایبەت بەرەی ریفۆرمخواز لەوباوەڕەدابون خول بە خولی گفتوگۆ، ئەمریکا دەستی سزاکانی شل بکات، بەلام توندتری کردوە، بۆ دو وڵات و کیانی سیاسی ئاساییە لەماوەی گفتوگۆ کارت و فشارەکانیان بەرامبەر یەکتر زیادبکەن بەلام ئەمە لای ئێرانیەکان بەتایبەت توندئاژۆکان مایەی نیگەرانی لاوازی پێگەی ئێران دەردەخات،
ئەنجامی خولی پێنجەم
ئەنجامەکانی خولی پێنجەمی گفتوگۆکان ئومێدبەخشنەبوو نزیکبوو لەوەی کۆتای بە دانوستانبێت بەلام پێشنیارێکی عوممانی نێوەندگر کە خستیە سەرمێزی هەردولا کەمێک ئومێدی گەڕاندەوەو هەردولا ئامادییان دەربڕی بۆ هەڵسەنگاندنی هەرزوو ئەمریکا پێشنیاری خۆی بە نوسراو گەیاندەوە مەسقەت تا بگاتەوە تاران و ترەمپ لە لێدوانێکی بۆ میدیاکان وەک پیشەی هەمیشەی داوایکرد زۆر بەزوی ئێران وەڵامی رون و ئاشکرای هەبێت بەلام پێناچێت وەلامەکەی ئێران بەدڵی ئەمریکابێت کاتێک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی پێشنیاری نوێیان بۆ ئەمریکا هەیە و نوسراوەکەی واشنتن ناڕونی زۆر تێدایە
ئیلۆن ماسک و زەریف
ئێران سەرقاڵی تاوتوێی نوسراوی ئەمریکابوو سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر دۆسیە ئەتۆمیەکەی کە ئیلۆن ماسک لەکابینەکەی ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە ئەمە بۆ ئێرانیەکان مایەی نیگەرانیە بەهۆیی ئەوەی ئەندازیاری گفتوگۆکانیان لەگەل ئەمریکا دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانبوو چونکە لەوکاتەوە بیرۆکەی گفتوگۆو دانوستان دروستبوو کاتێک لە دیداری ئیلۆن ماسک و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نێوەراستی مانگی یانزەی ساڵی رابردوو کەکۆبونەوەیەکی دور لەچاوی کامێراکان ئەنجامیاندا دەستیپێکرد، هەروەک چۆن دەستلەکارکێشانەوەی زەریف لەناوخۆی ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرەی پشتیوانی رێککەوتن لەناوخۆی ئەو وڵاتە دروستیکرد هاوکات دەستلەکارکێشانەوەی ئیلۆن ماسک بەهەمان شێوە بەرەی رێککەوتن لەنێو کابینەکەی ترەمپ لاواز دەکات.
*دکتۆرا لەئابوری سیاسی