498 کوردستان

"ئەگەر توركیا لە هێرشەكانی بەردەوام بێت بە زمانێك وەڵامی دەدینەوە كە تێبگات"

01:54 - 21/05/2025

زەمەن - كوردستانی
ئاژانسی هەواڵی فورات بەشێك لە وتەكانی موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان 'پەکەکە'ی لە كۆنگرەی 12 بڵاوكردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان بڕوایان بە رێبازی رێبەرەكەیان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، بەڵام ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە هێرشەكان ئەوا وەڵامیان دەبێت.

لەو كۆنگرەیەدا قەرەیلان وتوشییەتی، سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی 41 ساڵ خەباتی شاخیان هەیە، بەڵام بڕوایان بە شێوازی نوێی رێبەری پەكەكە هەیە و لە هەمانكاتیشدا ئەگەر ناچار بن جارێكی دیكە و بە هێز و توانای زیاترەوە بەرەنگاری دوژمنەكانیان دەبنەوە.

قەرەیلان لە كۆنگرەی 12ی پارتەكەیدا وتوویەتی: ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە توندوتیژیی ئەوا ئەوان بەو زمانە وەڵامیان دەدەنەوە كە لێی تێدەگات.

قەرەیلان جەختی لەوە كردووەتەوە، گەریلا بە تەكنیكی نوێ و بە ئەزمونێكی زۆرەوە توانای بەرگریی و شەڕی بەهێزی هەیە بۆیە توركیا و هەمو كەسێك دەبێت ئەو راستییە بزانێت، ئەگەر پەكەكە ناچار بكرێت ئەوە هەمو بەرگرییەك لە خۆی دەكات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 12ی ئایار، پەکەکە ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12ی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە کۆتایی بە خەباتی چەکداریی خۆی هێناوە و لەمەودوا لەبری خەباتی چەکداریی لە فۆڕمێکی دیکەدا لە رێگای خەباتی سیاسییەوە بەردەوام دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن