کوا کارەبای ٢٤ سەعاتیی گرانە ؟
5/17/2025 1:08:00 PM
پەیمان عیزەدین
ئەمە ڕێک و دەقاو دەق ئەو ڕستە و پرسیارەیە کە پارتی ئەیەوێ پێی بگات بەدوو ڕێگا:
یەکەم:
کەناڵەکانی پارتی بە ڕاستوچەپ ڕاپۆرتی خەڵەتاندن لەسەر بڕ و تێچوی کارەباکە بڵاودەکەنەوە ، بەئامانجی گەیشتن بەو ڕستەیە ( کارەباکە کوا گرانە ) کە بەداخەوە گەیشتن بەو ئامانجە لە ئێستادا زۆر ئاسانە.
لە کەناڵی کوردستان ٢٤ دا ، ڕاپۆرتێک لەسەر بڕ و تێچوی کارەبای ٢٤ سەعاتیی بڵاوکرایەوە بە خشتەی جیاواز و زۆر ڕون و ئاشکرا ، حسابی بەکارهێنانی هەموو ئامێر و پێداویستیە کارەباییەکانیان لە ٢٤ کاتژمێردا کردبوو بەڵام حسابی بەفرگر و ساردکەرەوەیان بە ٦ سەعات کردبوو ، هەروەها فێنک کەرەوەش ، جگە لە گڵۆپ کە ماڵیان ئاوابێ کاتژمێرێکی دورودرێژیان بۆ دانابوو ، تەنانەت تەلەفزیۆنیش ٦ سەعاتیان بۆ دانابوو.
جا ئەگەر ئەو کاتانە لەگەڵ شەو وڕۆژێکدا ڕێک بخەین ، ئەبێ بۆ نمونە بۆ سەلاجە ، ٦ سەعاتەکەی خۆی دابەشبکەین بەسەر ٢٤ سەعاتدا ، هەروەها تەلەفزیۆنیش، ئەبێ چوارسەعات جارێک سەعاتێک بەکاریان بهێنین.
ئەکرێ لە شەوا سەیری فیلمێکی دوو سەعاتی بکەین و چوار سەعاتەکەی تریش دابەش بکەین بەسەر کاتی جیاجیادا ، یان وەک سەردەمی جارانی ڕژێمی بەعس لەسەعات شەشی ئێوارەوە کەناڵەکان بکرێنەوە تا دوانزەی شەو ، شەش سەعاتی ڕێکوپێک بەدیار تەلەفزیۆنەوە دائەنیشین ، ڕەنگە کەناڵەکانیش بەو جۆرە باشتربێ بۆیان،دنیایەک بەرنامەی بێتامی ناچاریان لەکۆڵ ببێتەوە.
ئەوەی سەیر بوو لەو ڕاپۆرتە، میدیاکارەکە زۆر بە خەتاتی ئەیخوێندەوە کەوادەرئەکەوت بابەتەکەی تەواو بەدڵە، ئەو ڕۆژنامەنوس و میدیاکارەی ئەبێ کرم لەداری ساغ دەربێنێ ، ڕاپۆرتێکی پڕ لە کرم و خەوشیان خسبوە بەرچاوی کەچی تاکە کرمێکی نەئەبینی، بەخەیاڵ و هۆشیا نەئەهات بڵێ باشە کەی بەفرگر بۆ شەش سەعات ئیشکردن ئەبێ، ئەم ڕاپۆرتە لەکوێی ژیانی ڕۆژانەی ڕاستەقینەدایە؟
دووەم: سیاسەتی لەمێژینەی برسیکردن و بێ ئیرادەکردن و کپکردنی دەنگی خەڵک.
پڕۆژەی ڕوناکی لەسەردەمێکدایە کە بەقۆناغبەندی خەڵکیان گەیاندە بێدەنگیەکی ترسناک.
ئەگەر کەس ( با هەڵپەڕن ) ی بارزانی بیر مابێ، ئەمەی ئەمڕۆ ئەنجامەکەیەتی، بێ باکیی ئەم دەسەڵاتە بەرامبەر ناڕەزایەتیەکان، بێ خەمی بەرامبەر بایکۆت و داخستنی خۆێندنگاکان، گوێنەگرتن لە مامۆستایان و پشتگوێخستنی داواکانیان، دەیان و سەدان مامەڵەی تری نائاسایی، بۆ ئەم ڕۆژە بوو.
ئەوەتا کارەبا ئەکاتە ٢٤ سەعاتییی کە ٣٠ ساڵە نەیتوانیوە و نەیویستوە بیکا لەبەرئەوەی خەڵک وەک ئێستا نەگەیشتبووە قۆناغی بێ ئومێدی و بێدەنگی.
ئێستا ئیتر کاتی گرێبەستەکانی ملکەچیە ، گرێبەستی پڕۆژەی ڕوناکی بەو نرخەی خۆیان ئەیانەوێ ، دوای ئەو پڕۆژەی غاز ،ئینجا نەهێشتنی نەخۆشخانە حکومیەکان و تا دوایی.
ئێستا پارتی نەک زامنی بێدەنگیی خەڵکی کردووە ، بەڵکو زامنی گوێڕایەڵیی یەکێتی و هەموو حیزبکانی تریشی کردووە ، بۆ مسکی خیتامەکەشی لەڕێی وێنەیەکی بارزانی کوڕەوە ئامادەمان دەکەن بۆ قۆناغی دەست ماچکردن .