62 کوردستان

چیڕۆکی تاقانەیەکی ئەنفال

11:39 - 21/05/2025

هێمن عوسمان
چەمچەماڵ - AA

ئەمساڵ ٣٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنفالکردنی خەڵکی گوندی جەلەمۆرد لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە بناری چیای خاڵخاڵان، ئەو گوندەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن، ژن و منداڵ، گەورە و بچووکیان ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کران و، زیندەبەچاڵکران.

دانیشتووانی گوندەکە کاتێک بە شاڵاوەکانی ئەنفالیان زانیووە بەرەو چەمی بابەڕووشە ڕۆیشتوون کە دوو کیلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە و لەوێ نیشتەجێبوونە، بەڵام سەربازانی ئەودەمی ڕژێمی بەعس لەو چەمە دانیشتووانی گوندەکە دەدۆزنەوە و بۆ ئۆتۆمبێل دەیانگوازنەوە بۆ گرتووخانەی نوگرە سەلمان و بێ سەروشوێنیان دەکەن.

ڕۆژی سێی ئایارى ١٩٨٨ لە درێژەی شاڵاوی ئەنفالدا، قۆناغی چوارەمی شاڵاوەکەی دەستپێکرد بۆ سەر ناوچەی کەرکووک و کۆیە و تێیدا ڕژێمی بەعس لە چوار قۆڵەوە ھێرشی کردە سەر گوند و دێھاتەکانی ناوچەکان لە نێویاندا ھێرشی کردە سەر گوندی جەلەمۆردی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کە تێیدا لە کۆی ٥٥٠ کەسی گوندەکە، ٤٨٠ کەسیان گوزرانەوە بۆ نوگرەسەلمان و زیندەبەچاڵکران.

ڕەزا حەسەن مارف- تەمەن ٨٨ ساڵ، یەکێکە لەو کەسانەی لە شاڵاوەکە ڕزگاری بووە، بەڵام سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی کە حەوت کەس بوون، گوللەباران کران و لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژران.

ڕەزا حەسەن مارف باسی سەرەتاکانی دەستپێکی شاڵاوەکە دەکات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "ئێمە لە گوندی جەلەمۆرد بووین، گوتیان بەیانی سوپای عێراق دێن، پێشتر کیمیاییان لە گوندی عەسکەر و گۆپتەبە دابوو (لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ)، ئێمەش گوندەکەمان چۆڵ کرد و ڕۆیشتین بۆ چەمی بابەڕووشە، پێداویستییەکانمان لە ئارد، نان، کەرەستە، ماڕ و ماڵات برد و هەموومان چووینە ئەوێ، کاتێک لەوێ بووین ئەوەندەمان زانی بۆ بەیانییەکەی سوپا و جاشەکان گەیشتنە سەرمان. دوو سێ ئاڕپێچییان نا بە چەمەکەوە، ژن و منداڵ هەموو زیڕەیان کرد، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە ناو خەڵکەکەدا بڵاوبووەوە''.

ڕەزا حەسەن باسی لەوە کرد لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا گوندەکەیان قەرەباڵغ بووە و ١٤٠ ماڵ بوونە، لە دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن سەربازانی عێراقەوە بە ئیڤای سەربازی گواستراونەتەوە بۆ نوگرە سەلمان و، گوتی: "حەوت بۆ هەشت ئیڤای سەربازیان هێنا و ئێمەیان گواستەوە بۆ شارەدێی تەق تەق لە سنووری قەزای کۆیە، لەوێ هەندێک ڕایانگرتین، بارودۆخمان زۆر سەخت بوو، لەوێ ئەشکەنجەیانداین و بە کێبڵ کەوتنە لێدانمان، پاشان لە ڕێی کەرکووکەوە ئێمەیان برد بۆ تۆبزاوە (سەربازگەی تۆبزاوە باشووری کەرکووک) و لەوێشەوە بۆ نوگرە سەلمان (زیدانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای موسەنا) کە وەک دۆزەخ ناخۆش بوو".

ڕەزا حەسەن گوتیشی: "لە نوگرە سەلمان نە نان هەبوو نە ئاو، ئەسپێ بە سەروچاوماندا دەهاتە خوارەوە، هەتا شەش مانگ و نیو لەوێ بووین، پێشتر هەر لە نوگرە سەلمان خێزانەکەم، کوڕ و کچەکانم کە حەوت کەس بوون ئەوانیان لە ئێمە جیاکردەوە و نەمانزانی بۆ کوێیان بردن، دواتر ڕۆژێک کردیانە تەقە و گوتیان ئێران و عێراق ڕێککەوتوون، ١٠-١٢ ڕۆژێک دواتر پاسی گەورەیان هێنا و ئێمەیان گەڕاندەوە و پێمان وابوو ژن و منداڵەکانمان پێش ئێمە هاتوونەتەوە گوندەکە بەڵام دواتر زانیمان کە لە بیابانەکانی پارێزگای سەماوە هەموویان گووللەباران کراون و لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژراون کە ٤٠ کەسی خزمەکانیشم لەگەڵیاندا بوون".

چەند ساڵێک لەمەوبەر، ڕەزا حەسەن مارف دەچێتە پارێزگای سەماوە بۆ سۆراخی ڕووفاتی ژن و منداڵەکانی، بەڵام وەک خۆی دەڵێت کاتێک دەبینێت ژمارەی گۆڕە کۆمەڵەکان هێندە زۆرن، لەهۆش خۆی دەچێت و ئەو کەسانەی لەگەڵیدابوون، دەیخەنە ناو ئۆتۆمبێل و دوای بەهۆشهاتنەوە، دەیهێننەوە بۆ گوندەکەی خۆی.

ڕەزا حەسەن دوای ئەوەی دەزانێت ژن و منداڵەکانی کۆمەڵکوژکراون، ژیانی خێزانی پێکدەهێنێتەوە و ئێستا خاوەنی کوڕێکە.

شاڵاوی ئەنفال، کۆمەڵکوژیی کوردانی باکووری عێراق بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی عێراق لە میانی ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا و، تیایدا ١٨٢ هەزار کەس بێسەروشوێن یان زیندەبەچاڵکران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن