64 کوردستان

نێچیرڤان بارزانى گەیشتە تاران

07:14 - 17/05/2025

زەمەن - کوردستانى

 

کەمێک لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان گەیشتە تارانى پایتەختى ئێران.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ تاران به‌ بانگهێشتێكی فەرمييه‌ بۆ بەشداریکردن لە ديدارى تاران بۆ گفتوگۆ کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێرانه‌وه‌، ڕێکدەخرێت و سبه‌ی یه‌کشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


لە راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى هەرێمدا هاتووە، بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانى لەم ديداره‌دا، دووپاتکردنەوەی پشتگیريی هەرێمی کوردستانه‌ بۆ هەوڵەکانی گفتوگۆ و بەهێزکردنی هاوکاريی بنیاتنەرى نێوان وڵاتان و گەلانی ناوچه‌كه‌، له‌پێناو ئارامى و سەقامگیری، يه‌كترتەواوكردنی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتیانه‌دا.

بەگوێرەى كارنامه‌ى ديداره‌كه‌، نێچیرڤان بارزانی له‌ مێزگردێكدا، تیشک دەخاتە سەر دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ داهاتووی ناوچەکە و جه‌خت له‌ هاوبەشی لەسەر بنەمای ڕێزله‌يه‌كگرتن و بەرژەوەندیيە هاوبەشەکان، ده‌كاته‌وه‌.

هه‌ر له‌ ميانى سه‌ردانه‌كه‌يدا، نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆده‌بێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و دۆخی ناوچه‌که‌ به‌گشتی، تاوتوێ ده‌که‌ن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن