15 کوردستان

نێچیرڤان بارزانی دەچێتە تاران

09:37 - 17/05/2025

زه‌مه‌ن - هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان بە سەردانێک دەچێتە تاران و له‌ كۆڕبه‌ندێك به‌شدار ده‌بێت.

محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، كه‌ ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە (کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران) کە لە لایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێک دەخرێ.

کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18-5-2025 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت.

سەعید خەتیبزادە، سەرۆکی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، لە 53 وڵاتی جیهانەوە شاند بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆڕبەندەدا بانگهێشت کراون.

محەممەد کازم ئال سادق ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەمان کۆڕبەند بانگهێشتی ئێران کراوە.


30-7-2024 نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشیکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.

نێچیرڤان بارزانی سەرەتای مانگی ئایاری 2024یش چووە تاران و لەگەڵ هەریەکە لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کات و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.

22-5-2024یش نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی چوونە تاران.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو مامەڵەیەی لە تاران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراوی کیانێکی دەستووری دانپێدانراوە."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن