12وتار

هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە: لێکەوتە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێم و پرسی کورد

5/15/2025 11:03:00 AM
د.زوبێر رەسوڵ

دەسپێک

ڕۆژی دووشەممە (١٢ی نیسان، ٢٠٢٥) پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی ڕاگەیاند کە بە بەشداریی 232 ئەندام بووە و دەڵێت: “خەباتکردن بە ناوی پەکەکەوە کۆتایی دێت.” هەڵوەشاندنەوە یان چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) وەک هێزێکی کاریگەری ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردی کە ماوی زیاتر لە چوار دەیە دەبێت، چالاکیی سیاسی و سەربازیی هەبووە، کاریگەریی زۆری دەبێت؛ نەک تەنیا لەسەر باکووری کوردستان بەڵکوو لەسەر بەشەکانی تری کوردستانیش. هەرچەندە ئەمە هێشتا پڕۆسەیەکە و تەواو نەبووە، بەڵام بەشە هەرە گرنگەکەی کە وەک بەربەست دەبینرا، واتا ڕازیبوونی سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان و ئەنجامدانی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە، “به‌سەرکەوتوویی کۆتایی هات”. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە پڕۆسەکە بەشێکی زۆری تەواو بووە و بەخێرایی دەڕوات.

ئەوەی جێگه‌ی باسە، هەرێمی کوردستان لەسەرەتای گەڵالەبوونی بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بانگەوازی سەرۆک ئۆجەلان لە ٢٧ شوباتی ئەمساڵدا تاوەکوو کۆنگرەی ١٢، كه‌ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە نێوان ٥ و ٧ مانگی مایسدا بەڕێوە چووە، ڕۆڵیکی سەرەکیی بینیوە. بەپێی چەند زانیارییەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە تا بەستنی دوا کۆنگرەی پەکەکە و جاردانی هەڵوەشاندنەوەی، ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە؛ هەروەها ئەو هەنگاوانەیشی کە لە ئاییندەدا بەڕێوە دەچن، هەرێمی کوردستان بەشێک لەو پڕۆسەیە دەبێت.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەو داینامیک و لێکەوتانە شرۆڤە بکەین کە ئاوابوونی خۆری پەکەکە یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە بە دوای خۆیدا دەیهێنێت، بەتایبەت لەسەر پرسی کورد و بەشەکانی تری کوردستان و، هەروەها هاوسەنگیی هێزی نێوان حزبە سیاسیە کوردییەکان.

کاریگەرییەکانی لەسەر تورکیا
کاریگەریی هەرە سەرەکیی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک ڕێکخستنێكی سەربازی، سەرەتا لەسەر تورکیا دەبێت. کۆتایهێنانی جه‌نگێکی ٤٠ ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، بەر لە هەر شتێک دەستکەوتێک دەبێت بۆ ئەردۆغان و ئاکپارتی کە توانیی کۆتایی بە جه‌نگی ٤٠ ساڵەی دەوڵەت و پەکەکە بهێنێت . واتا، لە ئاستی ناوەخۆدا دەستکەوتێک دەبێت بۆ ئەردۆغان لە دژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر، بەتایبەتیش جەهەپە. ئەمە لەوانەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکار بێت بۆ گۆڕینی ده‌ستووری تورکیا کە ئەردۆغان خۆی بۆ ئامادە کردووە. بەتایبەت ئەگەر سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت، دوور نییە هاوپەیمانیی ئەردۆغان و دەم پارتی ببینین. ئەم هاوپەیمانییە ڕەنگە تاکە هۆکارێک بێت کە بتوانێت ئەردۆغان و حزبەکەی لە لادان لە دەسەڵات بپارێزێت.

هەر لە ئاستی ناوەخۆدا، نەمانی پەکەکە کاریگەریی لەسەر خاوکردنەوەی ڕقی نێوان کورد و تورک دەبێت، چونکە پرسی کورد لە تورکیا تەنیا پرسێکی سیاسی نەبووە بەڵکوو کاریگەریی کردۆتە سەر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پێکەوەژیانی کورد و تورک. ئەمە هەڵبەتە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی تورکیاش دەبێت. لە ئاستی ئابوورییش ڕەنگدانەوەی دەبێت، چونکە جه‌نگی پەکەکە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لەسەر تورکیا دەکەوت. بەپێی ڕاپۆرتێکی پشتبەستوو بە زانیاریی دروست، مەزەندەی ئەوە دەکات کەGDP ی تورکیا لەوانەیە ١٤٪ زیاتر بووایە ئەگەر جه‌نگی پەکەکە و تورکیا نەبووایە. بۆیە هەر یەکە لە ئەردۆغان و دەڤلەت باخچەلی وەک پاڵەوانی نەتەوەیی بە کۆتایهێنانی گەورەترین جه‌نگی درێژخایەنی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ هێزێکی دەرەوەی دەوڵەت، ناویان دەچێتە مێژووەوە. بێجگە لەوەیش لە ئاستی ناوەخۆدا ڕۆڵی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگه‌ی هەواڵگریی تورکیا (میت) لە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکەدا بەرچاو دەبێت؛ ڕەنگە پێگەی سیاسیی ئەو لەناو حزب و دەوڵەتدا بەهێزتر بکات.

کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە باکووری کوردستان

 هەرچی تایبەتە بە پرسی کورد و دەمپارتی، نەمانی پەکەکە کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لەسەر قەبارەی کورد لە بەشداریی سیاسیدا. بە دووری نابینم ژمارەی کورسییەکانی کورد لە هەڵبژاردنی ئاییندەدا زۆر زیاد بکات. هەڵبەتە ئەوە لە کاتێکدایە ئەگەر لە تورکیا پەکەکە پەنا نەباتە بەر دروستکردنی حزبێکی سیاسیی تر؛ واتا دابەشبوونی کوردی لێ نەکەوێتەوە کە بە ڕای من ئەگەرێکی بەهێز نییە. کە دەڵیم لە ئاستی ناوەخۆدا پێگەی کورد بەهێزتر دەبێت، مەبەستم ئەوەیە کە کاریگەریی پەکەکە لەسەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی دەمپارتی هەڵدەگیرێت. واتا دەمپارتی دەتوانێت لە تورکیا ئازادانەتر سیاسەت بکات؛ پاساوی تاوانبارکردنیشی بە پاڵپشتیی حزبێکی “تیرۆریست”، نامێنێت.

لە ئاستی ناوچەییشدا، دیسان نەمانی پەکەکە لە بەرژەوەندیی تورکیایە، چونکە تورکیا توانیی ئەو کارتەی دەستی ئێران و ئیسرائیل بسووتێنێت کە بتوانن پەکەکە لە دژی تورکیا بەکار بهێنن. ئەمە کاریگەریی لە ڕۆژاوای کوردستانیش دەبێت؛ وای کرد کورد لە سووریا نەبێتە بەشێک لە ئەجێندایەکی دەرەکی. ئەمە بە ڕای من هەم لە بەرژەوەندیی تورکیا، هەمیش لە بەرژەوەندیی ڕۆژاوای کوردستان بوو، چونکە ئەوکات تورکیا بە چەندان پاساوی تر ڕێگه‌ی نەدەدا هێزە کوردییەکان وەک ئەکتەرێکی پڕۆکسیی سەر بە ئیسرائیل، دژی بەرژەوەندیی تورکیا لە سووریا بمێننەوە.

لە ڕووی ئابوورییەوە، تورکیا دەرفەتێکی گرنگی بۆ دەڕەخسێت کە پەرە بە پرۆژە هاوبەشەکانی بدات، بەتایبەت لە عێراق و سووریا، بێ ئەوەی مەترسیی پەکەکەی لەسەر بێت؛ پێشتر تورکیا وەک پێویست نەیدەتوانی پرۆژە ئابوورییە گرنگەکانی لەم دوو وڵاتە هەبێت، چونکە بەزۆری لەلایەن پەکەوەو دەکرانە ئامانج. ئەمە وا دەکات پرۆفایلی ئابووریی تورکیا لە عێراق و سووریا بەهێز بێت و، تا ئاستێکی زۆر جێگه‌ی ئێرانییەکان بگرێتەوە؛ نەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو گەیشتن بە کەنداویش لە ڕێگه‌ی گەشەپێدانەوە. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین تورکیا هه‌رگیز بەقەد ئێستا دەرفەتی هێزێکی هەرێمیی بەهێزی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ نەڕەخساوە؛ هەر یەکە لە سووریا و پەکەکە دوو بەربەستی گەورە بوون لە بەردەم تورکیا.

کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان

 بەشێکی تری کوردستان کە بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە زۆر کاریگەر دەبێت، ڕۆژاوای کوردستانە، کە تا ئاستێکی زۆر وەک درێژەپێدەری ئەزموونی پەکەکە سەیر دەکرا، چ لەلایەن تورکیا بێت، یان لەلایەن کورد؛ چونکە بەبێ هاوکاریی سەربازیی پەکەکە، ئەستەم بوو شتێک هەبێت بەو جۆرەی کە بتوانێت خۆی لە بەردەم هێرشەکانی داعش و هێزە تیرۆریستییەکانی تورکیاش ڕابگرێت. ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان ئەزموونێک بووه‌ كه‌ تێچووی سیاسی و سەربازی و گیانیی زۆری هه‌بووه‌ لەسەر کورد بەگشتی و کوردانی ڕۆژاوای کوردستانیش بەتایبەتی.

لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئەردۆغان گوشارەکانی لەسەر پەیەدە کەم دەکاتەوە. ئەمە ڕێگه خۆش دەکات کە کورد لە سووریا وەک نەتەوە قبووڵ بکرێن؛ بەڵام نەک خاوەنی هیچ جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بن. تورکیا دەیەوێت کورد تێکەڵی دەوڵەتی سووریا بێت؛ بەپێچەوانەوە تورکیا بەردەوام دەبێت لە گوشارەکانی لەسەر ڕۆژاوای کوردستان. لە ئەگەری بەردەوامیی گوشارەکانی تورکیا، دوور نییە ڕۆژاوای کوردستان پەنا بباتە بەر ئیسرائیل. ئیسرائیل نەیشاردۆتەوە کە ئەوان ئامادەن “دەستی هاوکاری بۆ هاوپەیمانە درووز و هاوڕێ کوردەکان لە سووریا درێژ بکەن.” ئەمە ئەگەرێکی کراوە دەبێت، کە ئیسرائیل بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە سووریا سوود لە هێزەکانی سووریای دیموکرات وەربگرێت. بەڵام ئەمە ئەستەمە سیاسەتێکی درێژخایەنی ئیسرائیل بێت لە سووریا، بەڵکوو زیاتر کارتێکی گوشارە دژی تورکیا و دەوڵەتی نوێی سووریا بۆ ئەوەی ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکەن. بۆیە گرنگە کورد لە سووریا نەبێتە ئەجێندای وڵاتێکی دەرەکی، ئینجا چ ئیسرائیل بێت یان ئێران؛ چونکە ئەمە پاساوێک دەداته‌ دەست تورکیا و سووریا بۆ ئەوەی گورزێکی گەورە لەو ئەزموونەی کورد لە سووریا بوه‌شێنن.

یەکێکی تر لە لێکەوتەکان، دەکرێت ئەوە بێت کە هێزە کوردییەکانی سووریا ناچار بکات کە خۆیان لە میراتی چەکداری و ئایدیۆلۆژیی پەکەکە دوور بخەنەوە تا ئاستی گۆڕینی ناوی پەیەدە و هێزەکانی تریش؛ دواتریش زیاتر ڕوو لە دەوڵەتی سووریا بکەن؛ واتا بە دوای ڕێکكەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێێ سووریا بگەڕێن. هەڵبەتە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەرفەتی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات باشتر دەکات، بە مەرجێک ئەردۆغان هەر ڕژد نەبێت لەسەر ئەوەی کە “هەسەدە بەشێکە لە پەکەکە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە”. خۆ لەم دۆخەیشدا دیسان دەرفەت هەیە کە هێزە کوردییەکانی سووریا لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی نوێدا یەکێتییەک دروست بکەن لەگەڵ گشت گرووپەکانی تریش کە تا ئێستا بە هۆکاری گوشاری پەکەکه‌ ڕێگه نەدراوە ببنە بەشێک لە ‌هێزەکانی سووریای دیموکرات.

ئەمە ئەگەرێکی تریش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەویش ئەگەری نزیکبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتە لە هەرێمی کوردستان؛ چونکە لە نەمانی پەکەکەدا ئەم پەیوەندییە زیاتر گەشە دەکات و پێویستیشە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سووریا. واتا لە بری ئەوەی پەکەکە خاوەنی بێت، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی پرسی کورد لە سووریا. ئەمە دەرفەتی وەرچەرخانێکی گەورە دروست دەکات لە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.  لە دەرەنجامدا دەتوانین بڵێین کە نەمانی پەکەکە دەرفەتی مانەوەی ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان بەهێزتر دەکات.

کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

 یەکێکی تر لەو بەشانەی کوردستان کە کاریگەریی هەڵوەشاندنەوە و نەمانی پەکەکەی لەسەر دەبێت بریتییە لە هەرێمی کوردستان، چونکە تەواوی جه‌نگی پەکەکە لەگەڵ تورکیا لە هەرێمی کوردستان بووە. هەرێم لە ڕووی ژینگە و دۆخی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌، لە ململانێی پەکەکە و تورکیا زیانی زۆری بەرکەوتووە. هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک بووژانەوەیەک دەبێت بۆ ئەو ناوچە بەرفراوانەی کە مەیدان و جێگەی بارەگاکانی پەکەکە و تورکیا بووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق نزیکە سەد بنکە یان ناوچەی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەتایبەت بنکە سەرەکییەکانی وەک زیلکان و بامەڕنێ و چیای مەتینا. ئەو ناوچانەی بوونەتە مەیدانی شەڕ، شوێنی گرنگی کشتوکاڵی و بەروبوومی سەرەکین کە دەتوانن لە ئاییندەدا ڕۆڵی گرنگیان هەبێت لە بەهێزبوونی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا، کە بەشێکن لە ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئاییندەدا وەک کەرتێکی سەرەکی پشتی پێ ببەستێت.

واتا لە ڕووی ئابوورییەوە دەرگه‌یەکی تر لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ڕۆژاوای کوردستان و سووریاش، کە پێشتر مەترسیی لەسەر بوو. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە مەرج نییە نەمانی پەکەکە ببێتە هۆی پەیوەندی و هەماهەنگیی باشتر لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. ئەوەیش لەبەر چەند هۆکارێک: یەک، مەزەندە دەکرێت هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی بگێرێت لە پرسی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا، وەک ناوەندێک بۆ سیاسەت و دیپلۆماسییەت و هەماهەنگی لە پێناو پرسی کورد؛ ئەمە جێگه‌ی ڕەزامەندیی تورکیا نابێت. دوو، دوای نەمانی پەکەکە ڕۆڵی “پارتی دیموکراتی کوردستان” بەهێزتر دەبێت وەک یەکەم حزبی کوردی کە  توانای سیاسی-ئابووریی هەیە و ڕه‌نگه‌ لە بەشەکانی تری کوردستانیش کاریگەری دروست بکات. واتا دوای نەمانی پەکەکە، پارتی ئەگەر بیەوێت دەتوانێت ببێتە حزبێکی سەرتاسەری و پارێزەری مافە سیاسییەکانی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا؛ چونکە لە بەشەکانی تری کوردستان، بەتایبەت لە باکووری کوردستان، ڕێگه نادرێت حزبێکی کوردی ئەو ڕۆڵەی هەبێت. دواتر، حزبە سیاسییەکانی تری کورد، نە ئەو توانا ئایدیۆلۆژییەیان هەیە، نە ئەو توانا ئابوورییەی،ش نە ئەو کاریزمایەی کە سەرۆکی ئەو حزبە هەیەتی لەسەر خودی حزب و پرسی کورد لە ناوچەکەدا؛ ئەمەیش دیسان لە ڕاستیدا جێگه‌ی ڕەزامەندیی تورکیا نابێت.

نەمانی پەکەکە، بەنیسبەت هەرێم چەندە دەرفەتە،  دەکرێت ئەوەندەیش هەڕەشە بێت. بەتایبەت ئەو سنوورە بەرفراوانەی کە هێزەکانی تورکیا و پەکەکەی لێیە، ئایا دوای پەکەکە تورکیا ئامادەیە چۆڵی بکات؟ خۆ ئەگەر بە پاساوی دەرکەوتنی هێزی تری هاوشێوەی پەکەکە چۆڵی نەکات، ئەوە ئەو جارە هەڕەشەکە ڕاستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت. یاخود ئایا دوای پەکەکە چ هێزێک ئەو بۆشایییە پڕ دەکاتەوە؟ خۆ نە حکوومەتی هەرێم و نە حکوومەتی عێراقیش توانای پاراستنی ئەو جوگرافیا سەختەیان نییە. دواتر، ئایا ئەگەری ئەوه‌ هەیە لایەنێکی توندڕەو یان هەر لایەنێکی تر، ئەو ناوچانە داگیر بکات، بەتایبەت کە وڵاتانی هەرێمی لە پشتگیریکردن و دروستکردنی ئەو جۆرە لایەنانەدا ئەزموون و شارەزایییان هەیە؛ یان ئەو چەکدارانەی پەکەکه‌ کە بەشێکیان هی باشوور و ڕۆژهەڵاتن، یان ئەوانەی کە ناتوانن بچنەوە باکووری کوردستان؛ ئایا ئەمانە پاڵ دەدەنە لای لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، یانیش هەوڵی دروستکردنی لایەنێکی سیاسی دەدەن لە هەرێمی کوردستان؟ هەرچەندە هیچ لایەنێکی تری پاشماوەی پەکەکە ناتوانێت لە ڕووی کاریگەری و هێزی سیاسی و سەربازی و ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ جێگه‌ی پەکەکە بگرێتەوە، بەڵام ئەمانە هەمووی پرسیاری زۆری بێوەڵامن  و ئەگەری کاریگەر و کراوەن بۆ ئەو دۆخە نوێیەی کە دروست بووە.

دەرەنجام

 هەرچەندە سەرنجی زۆر هەن لەسەر ئەوەی لە پێناو چی ئۆجەلان پەکەکەی هەڵوەشاندەوە؟ ئایا چ ئامانجێک یان گەرەنتییەک لەلایەن تورکیاوە دراوە بە پەکەکە کە خزمەت بە پرسی کورد بکات لە تورکیا؟ ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو وەڵامەی کە دەتوانێت ببێتە مەحەک بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە: ئایا مانەوە و بەردەوامیی خەباتی چەکداریی پەکەکە بەو شێوەیەی ئێستا، لە بەرژەوەندیی خودی پەکەکە و پرسی کوردە لە تورکیا؟ ئایا پەکەکە ئەو توانا سەربازییەی جارانی ماوە کە بتوانێت  زیانی گەورە لە تورکیا بدات؟ بەپێی داتاکانی گرووپی قەیرانەکان (crisis group) پەکەکە لەو ٢٠ ساڵەی دواییدا نە لە ڕووی جوگرافی و نە لە ڕووی ژمارەی کوژراو، نە لە ڕووی دەستکەوتی سیاسییشەوە سەرکەوتوو نەبووە. جگە لەوەیش، ئەوەی کورد لە تورکیا لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ڕێگه‌ی پەرلەمان و خەباتی مەدەنیدا بەدەستی هێناوە، خەباتی چەکداری ناتوانێت بەدەستیان بهێنێت. بۆیە سەرکردەی زیرەک ئەوەیە کە هەستی کرد پلان و ڕێگه‌کەی هەڵەیە، پلانەکەی بگۆڕێت، نەک بەردەوام بێت لەسەر ڕۆیشتن بەو ڕێگه‌ هەڵەیه‌دا.

لەم سۆنگەیەوە هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) چرکەساتێکی مێژوویییە لە خەباتی سیاسی و سەربازیی پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا. ئەمە ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر پرسی کورد لە گشت بەشەکانی تری کوردستاندا، بەتایبەتیش لەسەر پڕۆسەی سیاسی و ئاییندەی پەیوەندیی پرسی کورد لە تورکیا.

هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبێت بەو پڕۆسەیە و، پێ دەچێت لەمەودوا ڕۆڵێكی جەمسەری لە پرسی کورد لە ناوچەکەدا بگێڕێت و، وەک ناوەندێکی نیشتمانی بۆ پرسی کورد سەیر بکرێت. بەڵام ئەم پڕۆسەیە کاتی دەوێت و، پێویستی ی بەزەمینەی سیاسی و یاسایی و مەدەنی هەیە لە تورکیا؛ بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا کە ڕێگه بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە خۆش بکات.

 هێشتا وردەکاری و ڕێکاری زۆر هەن کە دیار نییە ئەم پڕۆسەیە دواجار بە کام ئاقاردا ده‌ڕوات، بەڵام بە ئەگەری زۆر، بواری سەرکەوتن و جێبەجێکردنی لە هەموو ئەزموونەکانی تری پێشوو زیاترە، چونکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و شکاندنی حزبوڵڵا و حەماس لاوازبوونی ئێران، دۆخێکی تری هەرێمی دروست بووە کە دەکرێت لێکەوتە و کاریگەریی زۆری لەسەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا هەبێت.

 
دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

لەماڵپەڕی پێنوس وەرگیراوە
 سەرچاوەکان:

Ayse Isin Kirenci (Behind the veil: Why Iran covertly supports the PKK? <<https://www.trtworld.com/turkiye/behind-the-veil-why-iran-covertly-supports-the-pkk-terrorists-18166775>>.
CNN (12 May 2025) Kurdish PKK militants announce decision to dissolve after decades of conflict with Turkey. <https://edition.cnn.com/2025/05/12/middleeast/turkey-pkk-militia-dissolves-intl-hnk>.
Crisis Groop ( 20 January 2025 ) Türkiye’s PKK Conflict: A Visual Explainer <<https://www.crisisgroup.org/content/turkiyes-pkk-conflict-visual-explainer>>.
LSE (September 2016) Estimating the economic cost of Turkey’s PKK conflict <https://blogs.lse.ac.uk/europpblog/2016/09/29/economic-cost-pkk-conflict-turkey/>.
Mohammad Salami,“The Impact of a Potential Turkey-PKK Peace Agreement on the Kurdistan Region of Iraq.”, Centre Français de recherche sur l’Irak (CFRI), 16/01/2025, [https://www.cfri-irak.com/en/article/trump-and-the-new-era-of-middle-eastern-policies-2025-01-17].
French Research Centre on Iraq (CFRI), 07/02/2022. “Turkey’s military engagement in Northern Iraq, a never-ending story”. << https://eismena.com/en/article/turkeys-military-engagement-in-northern-iraq-a-never-ending-story-2022-04-12>>.
www.trtworld.com


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن