٢٠٠ پزیشکی نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک دەڵێن: داهاتوومان ناڕوونە
02:59 - 17/05/2025
زەمەن _ دهۆک
پزیشکانی خولاو لە دهۆک دەڵێن: بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی رابردووەوە، بەرزکردنەوەی ناونیشانی پزیشکییان دواکەوتووە و نەکراون بە پزیشکی پلەبەند.
ئەمڕۆ شەممە، ١٧ی ئایاری ٢٠٢٥، لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک 102 پزیشکی گشتیی دانەمەزراو و 98 پزیشکی خولاو گردبوونەوە و دەیانەوێت دابمەزرێن و پزیشکە خولاوەکانیش داوای بەرزکردنەوەی ناونیشانی پزیشکییان دەکەن.
دکتۆر رێمان فرسەت، نوێنەرێکی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە دهۆک ڕایگەیاند: شەش مانگە هەر وەکو پزیشکی خولاو ماونەتەوە و ناونیشانیان بەرز نەکراوەتەوە بۆ پلەبەند، هەروەها دەڵێت: ''شەش مانگە بەردەوامین لە دەوام، بەڵام پێشنەکەوتووین''.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان بەیاننامەیەکیان خوێندەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، ''لە دواین چاوپێکەوتنی نوێنەرەکەمان و وەزیری تەندروستی، داهاتوومان بە نادیاری ماوەتەوە و بێئومێد بووین لە داهاتوومان''.