87 کوردستان

هەر کەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت پسووڵەی خۆراکی ڕادەگیرێت

03:06 - 17/05/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 بەڕێوەبەری بازرگانیی  هەرێم ڕایگەیاند: یەکێک لە مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی پسووڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی ئەوەیە کە دەبێت کەسەکە وێنەی کارتە نیشتمانییەکەی بۆ ئەپڵیکەیشنەکە بنێرێت، ئەو کەسەی کارتی نیشتمانیی نەبێت پسووڵەی خۆراکی ڕادەگیرێت.

 ئەمڕۆ شەممە، ١٧ی ئایاری ٢٠٢٥، نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئەو کەسەی کە لە ئەپڵیکەیشنی پسووڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنی فۆڕمەکە پڕ دەکاتەوە دەبێت وەڵامی سەرجەم پرسیارەکان بداتەوە، یەکێک لە خاڵەکان بریتییە لە ناردنی وێنەی کارتی نیشتمانییەکەی، ئەو کەسەی ناسنامەکەی نەکردبێتە کارتی نیشتمانی ئەوا پسووڵەی خۆراکی دەوەستێت و بەشەخۆراکی پێنادرێت تا ئەو کاتەی ناسنامەکەی دەکاتە کارتی نیشتمانی.

دەشڵێت: هەر کەسێک لە ماڵەوە نەیزانی ئەپڵیکەیشتنەکە داببەزێت ئەوا دەتوانێت بچێتە بەڕێوەبەرایەتیی پسووڵەی خۆراکی شارەکەی و لەوێ بێ بەرامبەر بۆی پڕدەکرێتەوە.

هاوکات، ئەو کەسەی دەچێت بەشە خۆراکەکەی وەردەگرێت دەبێت مۆبایلێکی زیرەکی پێبێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە خۆراکەکان وەربگرێت، واتا ئەگەر مۆبایلی زیرەکی پێنەبێت ناتوانێت بەشە خۆراکەکە وەربگرێت، لەمەودوا لەڕێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە هەر سەرۆک خێزانێک دەزانێت چ خۆراکێکی وەرگرتووە و کامە خۆراکیشی وەرنەگرتووە و لای بریکارەکە ماوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن