زیاتر لە نیو ملیار دۆلار پارەی قاچاخمان گەڕاندوەتەوە
02:37 - 10/05/2025
زەمەن _ عێراقی
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد، زیاتر لە نیو ملیار دۆلاریان لە پارەی قاچاخ گەڕاندوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت و هەوڵەکانیان سەرکەوتوبوە بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.
ئەمڕۆ شەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٥، محەمەد عەلی ئەللامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: لە ساڵی ٢٠٢٤دا سەرکەوتووبوون لە وەرگرتنەوەی زیاتر لە نیو ملیار دۆلار پارەی قاچاخ، هەروەها دەستکەوت وپاراستنیان بۆ ئەو کەسانە دابینکردوە کە هاوکارن لە ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵی.
دەشڵێت: هەوڵەکانی حکومەت سەرکەوتوبوووە لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و ئەو پرسەمان کردووەتە ئەولەویەتی سەرەکی لە بەرنامەی حکومەتدا.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەت چەند یاسایەکی داڕشتوە کە سیستمی یاسای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەهێزدەکات، جگە لە پاڵپشتی بەردەوامی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها راهێنانی کارمەند و بەخشینی بڕوانامەی ئەکادیمی لەبواری بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.