195 کوردستان

سەرکەوتنی ترەمپ و پێشبینی داڕمانی ئەمریکا

12:32 - 11/11/2024

زەمەن - جیهانی

 

 مەحمود سوڵتان - ئەلجەزیرە

 مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ ئەلفرێد مەککۆی لە وتارێکدا وتی: لەناوچوونی ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی ڕەنگە زۆر خێراتر لەوەی هەر کەسێک خەیاڵی بکات ڕووبدات، هەروەها وتی هەڵسەنگاندنێکی ڕاستی لە ڕەوتە ناوخۆیی و جیهانییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە تا ساڵی ٢٠٢٥، ڕەنگە هەموو شتێک لەبارەی هێزی ئەمریکا کۆتایی بێت و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا هاوار و قسە بێت.

دواتر و لە وتارێکی تردا کە سەرەتا ساڵی ٢٠٢٤ نووسیویەتی دەڵێت: چوار ساڵی داهاتوو حکومڕانیی ترەمپ دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەمریکا.

مەککۆی دەڵێت: پێویستە واشنتۆن سێ شت بکات بۆ پاراستنی سەرکردایەتیی جیهانی: یەکەم، پاراستنی پێگەی خۆی لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ڕێگەی ناتۆ؛ دووەم: پاراستنی بنکە سەربازییەکانی بەدرێژایی کەناراوەکانی زەریای هێمن؛ سێیمە ڕێگەگرتن لە چین و ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بە لەبەرچاوگرتنی تۆماری ڕابردووی ترەمپ و لێدوانەکانی ئێستای، پێدەچێت ترەمپ زیانێکی زۆر بەم پایە بنەڕەتیانەی دەسەڵاتی جیهانیی ئەمریکا بگەیەنێت، ئەگەر لەناویان نەبات.

گومانی تێدا نییە کە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ - بۆ چاودێران - نیشانەیەکی دیکەی دابەزینی ئەمریکا بوو، گەورەترین کەرتی دامەزراوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش پێشوازییان لە سەرهەڵدانی ئەو نەکرد و دوای چوار ساڵ پێشوازییان لە ڕۆیشتنی کرد.

ترەمپ بە سەرکەوتنێکی ئاسوودەوە گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی، بەڵام پێشبینی دەکرێت داڕمانی ئەمریکا لەگەڵ ئەودا دەستپێبکاتەوە.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ - لە چوار ساڵی پێشوویدا - زیاتر نەریتی بووە لەوەی کە بە گشتی دانپێدانراوە. 

هەروەها ترەمپ هاوکاریی نێودەوڵەتیی لە مەرجەگەلێکی تر بێجگە لە مەرجانەی وڵاتەکەی جێبەجێی کردبوو، بێڕێزی کرد، بەڵام ئەمە شتێکی نوێ نەبوو، ناکۆکیش لەگەڵ نوخبەی ڕۆشنبیری لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا زۆرتر مەسەلەی ستایل بوو نەک پرەنسیپ.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ترەمپ ئەو ڕێککەوتنە بچووکەی هەڵوەشاندەوە کە ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ تاران پێی گەیشتبوو، بەم شێوەیەش گەڕایەوە بۆ ستراتیژی تەقلیدی ئەمریکی بۆ خنکاندنی ئێران.

ترەمپ ڕەخنەی لە تێچووی بوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت، بەڵام ئاستی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا زیادی کرد، هەروەها خەرجییە سەربازییەکانیش بە گشتی زیادیان کرد. 

سەرەڕای بەڵێنی دەرچوون لە شەڕە دەرەکییەکان، ترەمپ هیچ کارێکی لەو شێوەیەی نەکردووە، درێژەی بە بەرنامەی تیرۆرکردنی جیهانی داوە کە لە سەردەمی ئۆباما دامەزرا و درێژەی بە شەڕی یەمەن دا کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات.

داڕمانی ٢٠ ساڵ داگیرکاری و بنیاتنانی دەوڵەت لە چەند هەفتەیەکدا ئاشکرای کرد کە حکومەتی ئەفغانستان - لەو کاتەدا - وابەستە و دەستکرد و گەندەڵ بووە، کەچی سەرەڕای ئەوەش پلاندانەرانی ئەمریکی لە سەردەمی ترەمپ و بایدن گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەمریکا چیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو تێچوونە بگرێت لە پاراستنی حکومەتێکی ناسک و ئاشکرا لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان.

لەلایەکی دیکەوە ئەوەی هەندێک پێشنیاریان کردووە سەبارەت بە "ڕووخان"ی ئەمریکا، ڕەنگە کەمێک زیادەڕەوی بێت، چونکە ئەمریکا دەتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکان بگونجێنێت و بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی.

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا ڕەنگە لە شێواز و ئەولەویەتەکانیدا جیاواز بێت و ئەمەش ڕەنگە نیگەرانی و پرسیار لەسەر سەقامگیری سیستەمی جیهانی دروست بکات، بەڵام دامەزراوە بەهێزەکانی ئەمریکا، و ئەو دینامیکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە دەوڵەت لەسەری بنیات نراوە، وا دەکات کە خەیاڵکردنی داڕمانی خێرا و هەمەلایەنەی ئەمریکا وەک زلهێزێک ئەستەم بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن