562 تەندروستی

چەند چرکە دەتوانیت لەسەر قاچێک بوەستیت؟ زانایان دەڵێن وەڵامەکە درێژی تەمەنت دیاری دەکات

10:37 - 05/11/2024

زەمەن _ تەندروستی

 

ئەگەر تەمەنت زیاتر لە 60 ساڵە و دەتوانیت 30 چرکە لەسەر قاچێکت بوەستیت، ئەوا زانایانی پزیشکی دەڵێن تەندروستیت باشە. خۆ ئەگەر بتوانیت ئەو 30 چرکەیە بە چاوی داخراوەوە تاقیکردنەوەکە ئەنجام بدەیت، ئەوا زاناکان هەواڵێکی خۆشتریان بۆت هەیە.

کلینیکی مایۆ لە ئەمەریکا لە توێژینەوەیەکدا دەڵێت دەرکەوتووە ئاستی ڕاگرتنی هاوسەنگی جەستە و توانای وەستان لەسەر یەک قاچ پەیوەستە بە تەندروستی گشتی کەسەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەربوونەوە کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە کەسانی بە تەمەندا.

بەگوێرەی سیستەمی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا، وەستانی "تەندروست" لەسەر یەک قاچ بە گوێرەی تەمەنەکان دەگۆڕێت. ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 39 ساڵدایە، دەبێت بتوانن 43 چرکە لەسەر یەک قاچ بوەستن؛ ماوەکە بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 40 ساڵ بۆ 49 ساڵدایە بریتییە لە 40 چرکە.

هەروەها، ئەو کەسانەی لە نێوان 50-59 ساڵ دان 37 چرکە، 60-69 ساڵی 30 چرکە و 70-79 ساڵی نزیکەی 19 چرکە و 80 ساڵ بەسەرەوە 5 چرکەیە.

ماوەی وەستان لەسەر قاچێک بۆ هەموو تەمەنەکان کەمتر دەبێتەوە ئەگەر کەسەکە بە چاوی داخراوەوە ئەو تاقیکردنەوەیە ئەنجام بدات، بەهۆی ئەوەی بینین بەشێکی گرنگی توانای ڕاگرتنی هاوسەنگی پێکدەهێنێت.

دکتۆر کێنتۆن کاوفمان، یەکێک لە بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکەی کلینیکی مایۆ، ڕایگەیاند، "توانای ڕاگرتنی هاوسەنگی پێوەرێکی گرنگە چونکە جگە لەوەی پێویستی بە هێزی ماسولکەکان هەیە، هەروەها پێویستی بە بەکارهێنانی سیستەمەکانی بینین و بیستن و هەستیاری جەستەیی هەیە. گۆڕانکاری لە توانای هاوسەنگی ڕاگرتن شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنە چونکە نەبوونی توانای هاوسەنگی دەبێتە هۆی مەترسی ئەگەری بەربوونەوە. بەربوونەوەش مەترسییەکی تەندروستی گەورەیە و دەرەنجامی جددی بەدوای خۆیدا دەهێنێت."

بە گوێرەی پرۆفیسۆرەکەی کلینیکی مایۆ، ئەو کەسانەی ناتوانن لە سەر یەک قاچ بوەستن ڕەنگە نەخۆشی دڵ یان مێشک یان سیستەمی دەمارییان هەبێت، یاخود دەکرێت بەهۆی کاریگەری بەکارهێنانی حەب و دەرمانەوە بێت. پێشنیار دەکات ئەو کەسانەی ناتوانن زیاتر لە 5 چرکە لەسەر یەک قاچ بوەستن سەردانی پزیشک بکەن.

دکتۆر کێنتۆن کاوفمان ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی بە گشتی توانای ڕاگرتنی هاوسەنگییان کەمە، با لە ماڵەوە ڕاهێنان بۆ بەهێزکردنی توانای ماسولکەکان و سیستەمی دەماری بکەن .

دەشڵێت، "ئەگەر ئەو ڕاهێنانە نەکەیت، خۆت ئەو هەلە لەدەست دەدەیت. ئەگەر ڕاهێنانەکە بکەیت، هاوسەنگییەکە دەپارێزیت. کارێکی ئاسانە و پێویستی بە بەکارهێنانی هیچ ئامرازێکی تایبەت نییە و دەتوانیت هەموو ڕۆژێک ئەنجامی بدەیت."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن