فڕۆکەخانەی هەولێر: گەشتەکان دەستپێدەکاتەوە
09:43 - 02/10/2024
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ڕایگەیاند: لە کاتژمێر١٢ی شەوی ڕابردووەوە، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە، بەڵام جارێ هێڵەکانی گواستنەوە کارا نەکراونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢ی تشرتینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوەدا، لە کاتژمێر ١٢ـی شەوی ڕابردووەوە، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی؛ چاوەڕێی بڕیاری دەستەی فڕۆکەوانیی عێراق دەکەن.
وتیشی: پێموایە بەمزوانە گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆسەر ئیسرائیل سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگیراون.