238 کوردستان

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی مووچەی هێزەکانی 70

10:00 - 11/09/2024

زەمەن - کوردستانی

 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچەی هێزەکانی 70 بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، تەنیا ئەم مانگە مووجەیان بۆ خەرجدەکەین.

 

دەقی راکەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم:

ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.

لەسەر بڕیاری بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) درا.

تێبینی/ خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە( ١٠) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

شایەنی باسە بەپێی یاسای چاکسازی پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی ( ٢٠٢٠) ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت.

بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری.                                                  ٢٠٢٤/٩/١١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن