ئەردۆگان: مەسعود پزیشکیان کە دەچێتە تەورێز بە تورکی و لەناوچەکوردنشینەکانیش بە کوردی قسە دەکات
06:33 - 07/07/2024
زەمەن - جیهانى
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان کە دەچێتە تەورێز بە تورکی و لە ناوچە کوردنشینەکانیش بە کوردی قسە دەکات.
لەمیانی گەڕانەوەیدا لە ئەڵمانیاوە کە بەمەبەستی سەیرکردنی یاری نێوان هەڵبژاردەکانی تورکیا و ئەڵمانیا چووبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ئەردۆغان لەبارەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران رایگەیاند: " پزیشكیان تورکێکی بە رەچەڵەک ئازەرییە. ئەو کە دەچێتە تەورێز بە تورکی و لە ناوچە کوردنشینەکانیش بە کوردی قسە دەکات. فارسییەکی زۆر باشیش دەزانێت".
گوتیشی، "کە گەڕامەوە پیرۆزبایی لێدەکەم، پشت بەخوا لەمەودوا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران باشتر دەبێت، تورکیا باشترین پەیوەندیی لەبارەی پرسەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران هەیە".
مەسعود پزیشکیانی ریفۆرمخواز لە میانی چواردەیەمین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا، کە رۆژی هەینی خولی دووەمی بەڕێوەچوو، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران.